سوودانی: کۆتایی هاتنی ئەرکی یونامی، دەسپێکی وەرزێکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: کۆتایی هاتنی ئەرکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو وڵاتە ناسراو بە یونامی، دەسپێکی وەرزێکی نوێیە لە پەیوەندیی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا، جەختی کرد لەسەر سەرکەوتنی عێراق بەسەر تیرۆریزمدا بە قوربانیدانی خەڵکی ئەو وڵاتە. سودانی وتیشی : کۆتایی هاتنی ئەرکی یونامی بە مانای کۆتایی هاتنی بەشداریی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، بەڵکو دەسپێکی وەرزێکی نوێیە لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەم ڕێکخراوەدا. ناوبراو وتیشی : ئێمە بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان و پڕۆژە نیشتمانییەکانمان بۆ تۆکمە کردنی پڕۆسەی بیناسازی و لەوئاراستەشدا هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەبین. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا ڕایگەیاند کە بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق تەواو جیاوازە لە گەڵ دۆخی ڕابردوو، وە عێراقی ئەمڕۆ وڵاتێکی ئەمن و سەقامگیر و جیاوازە.