سوودانی بڕیارێکی لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دا
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد و ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد، کە یەکێکیان تایبەت بوو بە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان و یەکخستنی خشتەی مووچە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنەکە ئەمڕۆ کۆبووەتەوە، تەوەرێکی کۆبوونەوەکە کە تایبەت بوو بە "زیادکردنی داهاتەکان"، تێیدا سوودانی ئەو لیژنە وەزارییەی راسپارد، کە بە بڕیاری ژمارە پێنج سەت و پەنجای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێکهاتووە، پێداچوونەوە بکەن بە شێوازی هەژمارکردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان.
بڕیاری ژمارە پێنج سەت و پەنجای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی نائاسایی رۆژی حەڤدەی تەممووزی ٢٠٢٥ دەرچووە؛ بەگوێرەی ئەو بڕیارە، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە سەت وبیست ملیار دینار دەخاتە سەر هەژمارەی وەزارەتی دارایی عێراق، وەک مەرجێکی دیاریکراو بۆ رەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک داوایکردووە ئەو سەت و بیست ملیار دینارە، زۆرەو دەستکاری ئەو بڕە بکرێت و کەم بکرێتەوە. هاوکات سوودانی لیژنەیەکی تایبەتمەندی لە وەزارەتی پلاندانان راسپارد بۆ نوێکردنەوەی راپۆرتی تایبەت بە "یەکخستنی خشتەی مووچە" بۆ هەموو فەرمانبەران و وەرگرتنی راسپاردەکان لەو بارەیەوە.