عێراق ڕێککەوتنی نەوتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان درێژدەکاتەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممەیدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی نەوت و موچەوە، هەروەها ڕادەستکردنی بڕی ١٢٠ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی هەرێم وەک خۆی دەمێنێتەوە.
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، ڕادەستکردنی بڕی١٢٠ ملیار دیناری داهاتی نانەوتی هەرێم وەک خۆی دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی مانگانە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت لە بەرامبەر پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها تاکو ئێستا هیچ بڕیارێک سەبارەت بە موچەی مانگەکانی١١ و١٢ ی هەرێم نەدراوە.
شیاوی باسە لە ڕۆژی ٢٦ـی (ئەیلول)ـی ئەمساڵ و دوای ٢٦ مانگ لە ڕاگرتنی، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە دەستیپێکردەوە کە بەشێک بوو لەو ڕێککەوتنەی نێوان هەرێم و بەغدا، ماوەکەی بۆ سێ مانگ و تاکو کۆتایی ئەمساڵ بوو، بەڵام بە درێژکردنەوەی ماوەی ئەو ڕێککەوتنە، تا ڕادەیەک گەرەنتی ناردنی موچە دەکات لە ساڵی نوێدا.