جەختی سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر پێبەندیی بە کاتی یاسایی هەڵبژرادنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران
سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کرد لەسەر پێویستی گرینگی دان بە خشتەی کاتبەندی دیاریکراو لە دەستووردا بە مەبەستی هەڵبژرادنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە
عەبدولەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ عەبدولحسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەهجولوەتەنی یان ڕێبازی نیشتمانی ، بارودۆخی سیاسی عێراق و میکانیزمەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی تاوتوێ کرد. ناوبراو جەختی کرد لەسەر گرینگبوونی بنەمای بەشداری، ڕێککەوتنی نیشتمانی و گرینگی دان بە بەرژەوەندییەکانی وڵات و بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتێکی کارامە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابووری و ئەمنییەکانی هەبێت. سەرۆک کۆماری عێراق جەختیشی کرد لە سەر گرنگیدان بە خشتەی کاتبەندی دیاریکراو کە لە دەستووری عێراقدا هاتووە بۆ تەواوکردنی پرۆسەی سیاسی عێراق. هەروەها ئەلموسەویش لەو دیدارەدا سوپاسی سەرۆک کۆماری عێراقی کرد بۆ نزیک کردنەوەی بۆچوونی گروپە سیاسییەکان و ڕایگەیاند: هاوپەیمانی نەهجولوەتەنی پاڵپشتی لە هەر هەوڵێک دەکات بۆ بەهێزکردنی گفتوگۆی بنیاتنەر لە بواری پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە خواستەکانی گەلی عێراق بە دی بێنێت. هەر لەم پەیوەندییەدا بە پێی ڕاگەیندرانی ئەلمەعولمە، عەباس سەروت، نوێنەری پێشووی پارلەمانی عێراق ڕایگەیاند: گروپەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندن بە خشتەی کاتبەندی یاسایی بۆ ناساندنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران. سەروت وتیشی: هەر کە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا، کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەو بەپێی خشتەی کاتبەندیی دەستووری عێراق دەناسێندرێت. چوارچێوەی هەماهەنگی وەک فراکسیۆنی زۆرینە لە ناساندنی کاندید دواناکەوێت . هاوکات میدیا عێراقییەکان ئاماژە بە هاتنە ئارای ناوێکی نوێ دەکەن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران . ئەم میدیایانە بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی عێراقی نزیکە لە یەک دەنگ لە کاندیدکردنی باسم ئەلبەدری بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە. پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە نوری مالیکی یەکێکە لە کاندیدەکان ، هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق محەمەد شیاع سودانی هیچ چانسێکی بۆ خولی دووەم نییە.