دەوڵەتی یاسا: مالکی تەنها کاندیدە بۆ سەرۆکایەتی وەزیران و لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا یەکلایی دەکرێتەوە
پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پێشهاتی نوێی لەناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" سەبارەت بە دۆسیەی سەرۆکایەتی وەزیران ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە کە ئەو ململانێیەی لە نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستا و نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکەدا هەبو، لە بەرژەوەندی مالیکی یەکلایی بوەتەوە.
عەدیلە حەمود، ئەمڕۆ ڕایگەیاند میدیاکان و هێزە سیاسییەکان چەندین ناویان هێنابو، بەڵام ململانێی ڕاستەقینە لە نێوان هەردوو جەمسەرەکەی چوارچێوە واتە سودانی و مالکی بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، سودانی بە فەرمی لە کاندیدبونی کشایەوە و پێشوازی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتو لەلایەن مالکییەوە کرد. ڕونیشیکردەوە کە هێنانە پێشەوەی ناوی مالکی لە ناو هۆڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دوای ئەوە هات کە لایەنەکان ڕاسپێردران بۆ یەکلاییکردنەوەی کێبڕکێی نێوان کاندیدەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد کە نوری مالکی دوای لێکتێگەیشتنە ناوخۆییەکانی ئەم دواییە، ئێستا بوەتە تاکە کاندیدە و ڕێککەوتنی ناوخۆیی کۆتایی بە ناکۆکییەکان هێناوە. سەبارەت بە کاتەکانیش، حەمود جەختیکردەوە کە ماوەی داهاتوو لە پانزە ڕۆژ تێپەڕ ناکات، ئەوەش وەک پابەندبون بە دەقە دەستورییەکان بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی ڕاسپاردنی فەرمی و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.