کانونی دوھەم 23, 2026 14:25 Asia/Tehran

لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕ و پێکدادان لە سوریا، کاربەدەستانی عێراق جەخت لەسەر پێویستیی وریابوونی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە دەکەنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی شیمانەیی تیرۆریستیی لەناو ئەو وڵاتەدا.

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارێکی ئەمنی_سیاسیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ئەمدواییەی سوریا و ئەگەری هەڵاتنی زیندانییە داعشییەکان لە بەندیخانەکانی سوریا پێیداگرت لە سەر زیاترکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی هێزە عێراقییەکان لەسەر سنوورەکانیان لەگەڵ سووریادا. 

لە کۆبوونەوەی سیاسی و ئەمنیی بەرپرسانی عێراق کە بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی ، بەرپرسی هێزەکانی حەشدی شەعبی و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی هێزە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو، دۆخی ئەمنیی سەرتاسەری عێراق هەڵسەنگێندرا. 

بەرپرسانی عێراق باسی  ئاستی بەرزی ئامادەیی یەکە سەربازی و ئەمنییەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییە شیمانەییەکانیان کرد و جەختیان لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵە ئەمنییەکان و پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی پاوەجێلە عێراق کردەوە.

 باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی سوریا کە بەغدای ناچارکرد بڕیاری دەستبەجێی ئەمنی بدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان، وتی: گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق ڕێکارێکی خۆپارێزییە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵات و لە چوارچێوەی ڕەچاوکردنی هەندێ تێبینیی ئەمنیدا ئەنجام دەبێت. باسم عەوادی بە ئاماژەدان بە پێشهاتە مەیدانییە خێراکان لە سوریادا، وتیشی: بارودۆخی ئەم وڵاتە بە خێرایی دەگۆڕێت و ئەم بابەتە پێویستی بە بڕیاری بنەڕەتی و بەپەلەیە.

 سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە ئاماژە بە ڕادەستکرانی یەکەمین گروپی ١٥٠ تیرۆریستیی داعش لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی سوریاوە، پییداگرت لەسەر پێویستی دادگایی کردنی ئەو تیرۆریستانە لە زووترین کاتدا.  

فالح فەیاز، بەرپرسی هێزەکانی حەشدی شەعبیی عێراقیش لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەسەر زیادکردنی ئاستی وریایی ئەمنی و ئامادەکاریی تەواو لە بەرامبەر مەترسیی شیمانەیی تیرۆریستی کردەوە. فالح فەیاز خوازیاری ڕووبەڕووبوونەوەی جددی لەگەڵ هەر جموجۆڵێکی گوماناوی یان هەڕەشەیەکی تیرۆریستی دژی گەل و خاکی عێراق بوو.

 

 

سەرپەیڤ