عێراق ئەو داعشانە دادگایی دەکات کە لە سوریاوە دەگوازرێنەوە
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق ڕایگەیاند، دەست دەکات بە ڕێکارە یاساییەکان دژی ئەو دەستگیرکراوانەی رێکخراوی داعش کە لە سوریاوە گواستراونەتەوە.
ئەنجومەنی دادوەری جەختی کردۆتەوە کە هەموو تۆمەتباران بەبێ گوێدانە ڕەگەزنامەکانیان تەنها لەبەردەم دادگای عێراق دادگایی دەکرێن بۆ پاراستنی مافی قوربانیان و سەروەریی یاسا.بەرپرسانی عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە کە سەرکردەکان و بیانییەکان لە زیندانێکی توندوتۆڵ لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغداد دادەنرێن کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەکارهاتووە.ئەمەش لەکاتێکدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات پارێزگاری لە 10000 چەکدار و هەزاران ژن و منداڵ دەکەن، گواستنەوەی ئەم زیندانیانە بۆ عێراق نیگەرانی لای کەسوکاری هەندێک لە دەستگیرکراوە بیانییەکان لە ئەوروپا دروست کردووە، بەڵام عێراق جەخت لە پابەندبوونی خۆی بە ڕێکارە یاساییەکان دەکاتەوە.