ئه‌یلوول 30, 2018 12:52 Asia/Tehran
  • با هاوپەیمان بین بۆ تەندرووستی دڵمان! (بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی دڵ)‏

دوایین یەکشەممەی مانگی سێپتەمبەری هەموو ساڵیک بە ڕۆژی جیهانیی ‏دڵ ناودێر کراوە. دروشمی ڕۆژی جیهانیی دڵ لە ساڵی 2018 دا، ئەمەیە: ‏‏"با هاوپەیمان بین بۆ تەندرووستی دڵمان"! جیاوازی نییە شاعیر بن و دڵ ‏بە ناوەندی هەست و سۆز بزانن یاخود پزیشک بن و وەکوو ئەندامێکی ‏گۆشتن و بێ هەستی لەش چاوی لێ بکەن، ئەوەی وا لە ڕوانگەی ‏هەمووماندا هاوبەشە و یەکە، ژیــانە!‏

 

هەمووان دڵ بە سەرچاوەی ژیان دەزانن و ڕێز لە لێدانەکانی دەگرن. ئەندامێکی گۆشتی کە لە نێو سینگدایە و بە قەد مستێکی بنیادەمە و کێشەکەشی کەمترە لە قوتوویێکی ساردی و ڕۆژانە 100 هەزار جار لێدەدات و بە شێوەی بەردەوام لە ترپەدایە، بەڵام هێندە گرینگە کە نەک تەنیا ڕۆژێک لەساڵ بگرە لە هەموو کات و ساتەکانی ساڵ دەبێ بیری لێ بکەینەوە.

ڕۆژی جیهانیی دڵ، هەلێکی لەبارە بۆ هاندان و دنەدانی کۆمەڵگە لە پێناو چاککردنی شێوازە نەگونجاوەکانی ژیان و ئەوەی کە بیر لە خووخدەی چاکی ژیان بکەنەوە بۆ ژیانێکی درێژخایەن و دڵێکی تەندرووستتر.

.

هەندێک خاڵی جێی سەرەنج بۆ پاراستنی دڵ:

بۆ هەبوونی دڵ و جەستەیێکی ساغ و ڕێگری لە سەرهەڵدانی کێشەکانی دڵ و دەمار، پێشنیار دەکەین ئەم بابەتانەی خوارەوە ڕچاو بکەن:

1. جگەرە مەکێشن: یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی جەڵتەی دڵ، جگەرە کێشانە. ئەگەری ڕوودانی جەڵتەی دڵ لە کەسێكدا کە جگەرە دەکیشێ هەتا لەسەتا 70، زیاترە لە چاو کەسێک کەوا جگەرە ناکێشێ.

 

2. کەم کردنەوەی کەربۆهیدراتەکان: خواردنگەلێکی وەکوو "کۆڕن فلێکس" نانی چەور و پەتاتەی سوور کراو لە ڕیزی خواردنەکانی خاوەن کەربۆ هیدراتن کە دەبێ کەمتر دەکار بهێنرێن.

 

3. بەردەوام فەحس و تاقی کردنەوەی پزیشکیتان هەبێت. ئەگەر لە بنەماڵەکەتاندا، کەسێک یاخود کەسانێک پێشینەی نەخۆشی یان جەڵتەی دڵیان هەیە، دەبێ بزانن کە بەختی ڕوودانی ئەم نەخۆشییە لە ئێوەدا زیاترە.

 

4. بەردەوام وەرزش بکەن. ڕۆژانە لە 20ەوە بۆ 30 خولەک لە کاتی خۆتان تەرخان بدەن بە وەرزشی ئاسایی و سووک.

 

5. دڵەخورپە و سترێس لە خۆتان دوور بکەنەوە: هەندێک لە پسپۆڕان سترێس و دەروون گرژی بە گرینگترین هۆکاری نەخۆش و کێشەکانی هاوپەیوەند بە دڵ دەزانن.

هیوادارین دڵێکی تەندرووست و ساغتان هەبێت.

 

 

سەرپەیڤ