تشرینی یه‌که‌م 12, 2018 16:14 Asia/Tehran
  • 13مین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە ھەولێر ‏

لەم پێشانگایەدا زیاتر لە 250 دەزگای چاپ و پەخش بە زیاتر 700 هەزار ناونیشان بەشدارن کە بە چەندین زمانی ‏جیاواز نووسراوە.‏

‏‌ڕۆژی چوارشەممە 10/10/2018, سێزدهمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێبی ھەولێر بە بەشداریی مەسعود بارزانی كرایەوە .‏

لە نێوان 10 بۆ 20ی ئەم مانگە، پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب پێشوازی لە خوێنەران دەکات، زیاتر لە 250 دەزگای ‏چاپ و بڵاوکردنەوە کە لە نزیکەی 35 وڵاتەوە هاتوون  بە زیاتر لە 700 هەزار ناونیشان بەشدارن، چاپخانەكان ‏هەندێکیان لە وڵاتانی دوورەوە هاتوون، وەک خۆیان دەڵێن، ئەزموونیان لەگەڵ خوێنەری کوردستان پەیداکردووە.‏

بەشێك لە چاپخانە کوردییەکان رازی نین لە شێوازی رێکخستنی پێشانگاکە بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە وەرگرتنی کرێ، ‏چونکە وەك خاوەنی یەکێك لەو وەشانخانە کوردییانە دەڵێت، قازانجی کتێب بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.‏

موخلیس یونس، خاوەنی یەکێك لەو وەشانخانە کوردییانە دەڵێت: "ئەگەر ئەو بڕە پارەیەمان لێوەربگرن ناچارین پێشانگا ‏بەجێ بێڵین، چونكە باوەڕناكەین لەو پێشانگایە قازانج بكەین، ساڵانی پێشتر دامودەزگاكان و خەڵك دەھاتن كتێبیان لێدەكڕین، ‏بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی ئەوە ماوەی پێنج ساڵە كتێبەكانمان نافرۆشرێن".‏

بەشێك لەو کێشانەی ساڵانی رابردوو هەبوون پەیوەست بوون بە بوونی ئەو کتێبانەی هاندەری توندئاژۆیین، بۆ ئەمساڵ وەك ‏دەگوترێ ئەو کێشەیە بنبڕکراوە.‏

ئیهاب قەیسی، رێکخەری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب راگەیاند: "بۆ جاری 13مە کە پێشانگاکە دەکەینەوە و یازدە ‏رۆژ بەردەوام دەبێ، ساڵانە سێ بۆ چوار چاپخانەمان لە پێشانگاکە قەدەخە دەکرد کە دەیانویست کتێبی هاندەر بۆ توندئاژۆیی ‏بفرۆشن، ئەمساڵێش رێگەمان نەداوە هیچ کتێبێکی لەو جۆرە بێتە پێشانگاکە".‏

 

سەرپەیڤ