حوزه‌یران 11, 2019 09:53 Asia/Tehran
  • فستیڤاڵی گێلاس لە شاری شنۆ

بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی شاری شنۆ ڕایگەیاند ئەمساڵ هەزار و 300 تەن گێلاس لە باخه‌کانی ئەو شارە بەرهەم دەهێنرێت و ئەوەش لەچاو ساڵی ڕابردوو 100 تەن هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.

سەید ئەنوەر حسێنی بەڕێوەبەری دایرەی کشتوکاڵی شاری شنۆی سه‌ر به‌ پارێزگای ئازەربایجانی رۆژاوا لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند ئەمساڵ بڕیارە فستیڤاڵی گێلاس لەو شارە بەڕێوە بچێت و گوتیشی ئەمساڵ لە چاو ساڵی ڕابردوو بەروبومەکانی زیادیان کردووە و هەزار و 300 تەن گێلاس لە باخەکانی ئەو شارە بەرهەم دێت.

ناوبراو گوتیشی کۆی ڕووبەری باخە گێلاسەکانی شنۆ دەگاتە 300 هێکتار (1200 دۆنم) و بە پێی پێشبینییەکانی فەرمانگەی  کشتوکاڵ لە هەر هێکتارێکدا 8 تەن گێلاس دێتە بەرهەم.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شنۆ وتیشی : خولی چوارەمی فستیڤاڵی گێلاس لە مانگی پووشپەڕدا بەڕێوە دەچێت مەبەستمان لە بەڕێوەبردنی فستیڤاڵەکەش ئەوەیە کار لە سەر ناساندنی توانای جووتیاران و دەفرایەتیی ناوچەکە بۆ بەرهەمهێنانی گێلاس بکەین.

شایانی باسە وەرزی چنینەوەی گێلاس ماوەی 35 بۆ 45 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەدا دەرفەتی کار بۆ زیاتر لە 7 هەزار کەس دەڕەخسێت.