ته‌مووز 15, 2025 16:21 Asia/Tehran
  •  ساردین؛ ئەو ماسییەی خواستی زۆری لەسەرە

ساردین ماسییەکی تیرەی ڕەنجەیە واتە لە ماسییە سوێرەکانە؛ پێنج خێزانی سەرەکی هەیە کە ٢١ ئەندامی جیاواز لە خۆ دەگرێت. نشینگەی پەسەندی ئەم جۆرە ماسییە دەکەوێتە زەریای ئەتڵەسی و ڕۆژاوای دەریای سپی ناوەڕاست؛ بڕێکی کەمیشی لە دەریای ڕەش و دەریای مەرمەرە هەیە.

ماسیی ساردین (بە ئینگلیزی: sardine) یەکێکە لە ئەو ماسییانەی خواستی زۆری لەسەرە بۆ ڕاوکردن و خواردن و بە یەکێکە لە سامانە سرووشتییەکانی باکووری ئەفریقا دادەنرێت. بۆ ڕاوکردنی ساردینەکان ڕاوچییەکان جۆرێک تۆڕی دیاریکراو بەکار دەهێنن. ئەم جۆرە ماسییە ناوی ساردینی لێنراوە چونکە یەکەمجار لە نزیک دورگەی ساردینیای ڕۆژاوای دەریای سپی ناوەڕاست ڕاوکراوە. لەگەڵ ئەوەی هەندێک جار ژمارەی تاکەکانیان لە پۆلێکدا دەگاتە ملیۆنان، بەڵام بەهۆی ڕاوکردنی زۆرەوە ژمارەیان لە هەندێک ناوچەی جیهاندا زۆر کەم بووەتەوە و مەترسییان لە سەرە.

سوود و بەکارهێنانەکانی ماسیی ساردین

 جگە لە ئەوەی بە ڕاوکردن بۆ خواردنی مرۆڤەکان خواستی زۆری لەسەرە، لە ئێستادا ساردینی لەقوتوونراو لە زۆرینەی ڕەفەکانی بازاڕە ناوخۆییەکانیش دەفرۆشرێت و پیشەسازیی ساردینی ئامادە و لێنراوی لەقوتوونراو بڵاو بووەتەوە. زەیتەکەشی بەکار دێت بۆ درووستکردنی مۆم و بۆیە و وارنیش بۆ بریسکاندنەوەی ڕوپۆشەکان. هەندێک جۆریشیان بەکار دێت وەک ئالیکی ئاژەڵ و بۆ بەپیتکردنی زەوییەکانیش. بێچووەکانی بە ژمارەی دیاریکراو و بە بازرگانی باڵا وەک نێچیر بۆ ڕاوکردنی ماسیی تونە بەکار دێن و لەبەر ئەوەی لە پێکهاتەی جەستەیدا ماددەیەک هەیە کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ترشێتی میز، بۆیە ئەو نەخۆشانەی کە کێشەی هەوکردنی جومگەکانیان هەیە ئامۆژگاری دەکرێن کە خواردنی کەم بکەنەوە یان لە هەندێک باردا بە تەواوەتی قەدەغە دەکرێت لێیان.

هەروەها ساردین سەرچاوەیەکی باشی ئۆمێگا ٣یە کە یارمەتی باش هێشتنەوەی تەندرووستی دڵ دەدات و سەرچاوەیەکی سرووشتیی ڤیتامین D و کالسیۆمە، بەڵام هەندێک جۆریان ڕێژەی سۆدیۆمیان بەڕادەیەک بەرزە کە دەبێتە هۆی درووستکردنی کاریگەری نەرێنی لەسەر پەستانی خوێن و ئەگەری نەخوازراوی دیکە.

شێوازی ژیانکردنی ماسیی ساردین

ساردینەکان لە ناوچەی ئاوی فێنک و سوێر و ئاوی گەرمی هێڵی کەمەرەییدا دەژین؛ بە گشتی لە نزیک کەناراوەکانی هەموو کیشوەرەکاندا هەن، بەڵام زۆرترین بڕیان دەکەوێتە کەناراوەکانی ژاپۆن و ڕۆژاوای باکووری ئەفریقا و ڕۆژاوای ئەمریکای باشوور. ژیانکردنیان بە کۆمەڵەیە پێکەوە و لە نزیک ڕووی ئاو دەژین کە ٠-٢٠٠ م لە قوڵایی ئاودا هەن، بە شەودا بە تەواوەتی دەڕۆنە سەر ڕووی ئاو بۆ خۆراک بەدەستهێنان. ئەو زیندەوەرە ئاوییە بچووکانەی کە لەناو ئاودا هەڵواسراون و پێیان دەوترێت پلانکتۆن دەخۆن، دەکرێت گیانەوەر بن یان ڕووەک یاخود هێلکەی ماسی گەورەتر لە ساردینەکان، بۆیە ئەم ماسییە گۆشتخۆر و ڕووکخۆریشە. ئەو پلانکتۆنانەی کە ناتوانن بە نێو ئاودا مەلە بکەن و هەڵبێن لە ڕاوچی، ساردینەکانیش دەبن بە نێچیر بۆ گیانەوەری وەک قرش و دۆلفین و سەگی ئاوی و پەنگوین (بەتریق) و باڵندەی دەریایی و ...هتد.

شێوەی دەرەوەی

ناوەندی درێژییەکەیان لە نێوان ٢٣-٣٠ سم دایە، و کێشی نزیکەی ١١٣ گم دەبێت، کێش و درێژییەکەی بە گوێرەی جۆرەکانی ناوچە جیاوازەکان دەگۆڕێت، ڕەنگی بەشی سەرەوەی جەستەی ساردین ڕەساسییە، و بەشی ژێرەوەشی زیوییە. 

زۆربوون

ئەم ماسییانە لە تەمەنی دوو ساڵییەوە دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن، دەکرێت گەرا (هێلکە) دانانەکەی لە وەرزێکدا زیاد لە جارێک بێت. لە وەرزی بەهاردا ساردینەکان بڕێکی زۆر گەرا دادەنێن بە هەڵواسراوی لە نێو ئاوەکەدا دەمێننەوە، گیانەوەری ئاوی دڕەندە زۆرینەی گەراکان لەناو دەبەن و دەیخۆن و ژمارەیەکی کەمی دەمێنێتەوە و بێچووە ساردینەکانیش دواتر بە هۆی ئاڕاستەی ئاوەوە دەگوازرێنەوە بۆ نزیک جۆری دیکە لە ماسییەکانی کەنارەکان؛ زۆربەی جوڵەکانیش بە شەوی درەنگ و تاریکدا دەبێت. هەروەها تەمەنی ئەم جۆرە ماسییە دەگاتە سەروو ١٣ ساڵ.

 

 

سەرپەیڤ