کردنەوەی دەلاقەیەک لە ڕووی شاباڵە ماندووەکانی موحەڕڕەم
https://kurdish.sahartv.ir/news/فەرهەنگی_هونەری_وەرزشی-i385405-کردنەوەی_دەلاقەیەک_لە_ڕووی_شاباڵە_ماندووەکانی_موحەڕڕەم
موحەڕڕەم مانگی خوێن و خەڵات وا ئەمساڵیش لە سەر پاساری دڵی مرۆڤە بڕوادارەکان ھەڵنیشتەوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئاب 20, 2020 19:53 Asia/Tehran
  • کردنەوەی دەلاقەیەک لە ڕووی شاباڵە ماندووەکانی موحەڕڕەم

موحەڕڕەم مانگی خوێن و خەڵات وا ئەمساڵیش لە سەر پاساری دڵی مرۆڤە بڕوادارەکان ھەڵنیشتەوە.

موحەڕڕەم مانگی خوێن و خەڵات  لە سەر پاساری دڵی مرۆڤە بڕوادارەکان ھەڵدەنیشێ و شاباڵە ماندووەکانی کە ڕێگایەکی ئاسمانیی لە عەرەشەوە ھەتا فەرش پێ پێواون خڕ دەکاتەوەو  بە دیار سۆزی دەروونی تازییەدارانی ئەم مانگە ھەڵدەکورمێ. ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی مانگی موحەڕڕەمە. مانگی خۆڕاگری و خوێن خەڵات کردن لە پێناوی مانەوەی ئەو ئایینە پیرۆزەی کە ئاسمان نشینەکان دەستەبەریان کردووە. موحەڕڕەم مانگی حسەینی کوڕی عەلی(ع) و  ئەو ئاییندارە دڵپاکانەیە کە بۆ بەرەڤانی کردن لە دینی خودا خۆیان بە کات و سەردەم و جوگرافیاوە نابستنەوە. موحەڕڕەم مانگی سەرکەوتنی خوێن بەسەر شمشێردایە.

دینداری لەمرۆڤ دا بابەتێکی سروشتی و دەروونییە ، چونکو تەواوی مرۆڤەکان خاوەنی عەقڵ و ئاوەزن و ئەم عەقڵەش وەک چرایەکی ڕێنوێنی کاری دەروونی فەرمانی ڕەچاوکردنی دین و ئەخلاقمان دەداتێ، بەڵام ئەمەی کە شێوازی دینداریی تۆکمەوتەواو چۆنەو کوالیتەکەی دەبێ چۆن بێت ڕەنگە عەقڵ و ئاوەز نەتوانێ تیشک بخاتەسەر تەواوی لاسوچ و ڕەھەندەکانی و وردیاتەکەی ڕوون کاتەوە. لەم ڕووەوە وەحی بە ھانای عەقڵەوە ھاتووەو بۆ ئەوەی تەواوی لاسوچەکانی عیبادەت و دینداری ڕوون کاتەوەو لە نێو ئەو ھەموو ڕێگایەدا ڕێگای ڕاست پیشان بدات. لەم ناوەدا پێشەوایانی ئایینی وەکوو ھێماو سەرمەشقی زانستی و کرداری مرۆڤەکان لەوە تێ دەگەیەنن کە چۆن باشترین کار ئەنجام بدەن کە نمونەی بەرچاوو تۆکمەوتەواوی عیبادەت و دینداری بێت.

بەپێی ھەر ئەم لێکدانەوەو بۆچوونەیە کە حەزرەتی ئیمامی حسەین (ع) لە ڕۆژی عاشوورادا وێڕای ھەڵسەنگاندنی ھەڵس و کەوت و کرداری ئومەت ڕوو لە سوپای زوڵم دەفەرموێت: «من ئەوا ئێوە بەرەو ڕزگاری و ڕێگای ڕاست بانگێشتن دەکەم و دیارە ھەرکەس کەپەیڕەویم لێ بکات و بەدوای مندا بکەوێ بەختەوەرەو ھەرکەسێکیش گوێم بۆ نەگرێت و فەرمانەکانم جێبەجێ نەکات دەچێتە ڕیزی فەوتاوانەوە، جا ئێوەش ھەمووتان گوێڕایەڵ نین و سەرنجی قسەکانم نادەن و لەبەر ھۆگریتان بە کاروکردەی حەرام خودا ئاوا کڵۆمی لە دەرگای دڵتان داوەو ھێزی تێگەییشتن و جیاکردنەوەی حەق لە ناحەقتان نەماوە».

ئەمە تەنیا سوچێکی ڕاستییەکان و مەرجی دیندارییە لەڕوانگەی ئیمامی حسەین(ع)ەوە و جا ئەگەر ئێمەش خۆمان بە دیندار دەزانین، ئەوە کاتێک بۆمان دەسەلمێت کە لە ئەزمونی دنیاو ئاژاوەو داھێنانە درۆینەوبیدعەتەکاندا حەق و دادگەری لە ناحەق و ستەم جیا کەینەوەو لەگەڵ حەقخوازاندا ببینە ھاوڕێ و دژی ستەم و نادادگەری و چەوساندنەوە ڕاپەڕین. چونکو ئەگەر بێت و لە گەڵ بیدعەتکاران و چەوسێنەراندا بین و خۆمان بە دینداربزانین دیارە تەنیا خۆمانمان ھەڵفریواندووەو بەس.