لە کۆیە یادی مەلای گەورە کرایەوە
ئەمڕۆ شەممە 10-10-2020، بە ئامادەبوونی چەندین مامۆستای ئاینی و بەرپرسی حکومی و حزبی و شاعیر و نووسەر و رۆشنبیرانی سنوورەکە، لە کۆیە یادی 77 ساڵەی کۆچی دوایی مەلای گەورە کرایەوە.
بە پێی هەواڵێکی پی یوو کەی میدیا ، ئەبوزێد ساڵح مستەفا ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی کۆیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی مەراسیمی یادی 77 ساڵەی مەلای گەورە، لە سەرەتای مەراسیمەکەدا وتارێکی خوێندەوە و رایگەیاند: مەلامحەمەدی جەلیزادە ناسراو بە مەلای گەورەی کۆیە هەموو بەهرە و تواناکانی خستووەتە خزمەت پرسی نەتەوەکەی و لەمڕۆشدا چاپی دووەمی تەفسیرەکەی کە لەسەر ئەرکی د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عیراق لە چاپدراوە بڵاودەکرێتەوە.
دواتر پڕۆفیسۆر د. جەواد فەقێ نوێنەری د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عیراق وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، پێویستە ئامۆژگارییەکانی مەلای گەورە لەپێناو یەکێتی و یەکڕیزی گەلەکەماندا جێبەجێ بکەین، چونکە تەنها بەوە دەگەینە ئامانجەکانمان.