تشرینی یه‌که‌م 16, 2020 15:12 Asia/Tehran
  • ئەستێرەی تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی عێراق: بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئێرانێکدا کە بەردەوام ڕێی لە مۆندیاڵ دەکەوێت، کارێکی ئاسان نییە.

ئەستێرەی تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی عێراق لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی کۆنفیدراسیۆنی ئاسیا، ئێرانی وەک خەنیمێکی سەخت ناوبردو لە بارەی ئامادە بوونی تیپی نیشتیمانیی وڵاتەکەشی لە موندیاڵی قەتەر دڵنیایی دەربڕی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «عەلی عەدنان» ئەستێرەی ٢٦ ساڵانی تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی عێراق لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە ھەوڵدان بۆ گەییشتن بە موندیاڵی ٢٠٢٢ی قەتەر چەندە گرینگە بۆ خۆی و تیپەکەی و وەک ئامانجێک دێتە ئەژمار ، وتی: لە ئێستادا دۆخەکە بۆ تەواوی تیپە نیشتیمانییەکانی جیھان دژوارە. چونکو لە بەر تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا پرۆڤەو یاریمان نییە. جیا لەمە ھەتا ساڵی داھاتوو بۆشمان نییە یاری بکەین، دیارە ئەم ڕووداوەش بۆ تەواوی تیپەکانی تۆپی پێی جیھان دژوارە، بە تایبەت تیپە نیشتیمانییەکانی کیشوەری ئاسیا.

عەدنان وتیشی: ھەر بەوجۆرەی کە گەلێک جار وتوومە، ئێمە تیپێکی باشمان ھەیە، یاریزانی گەنجمان لەگەڵدایە و ڕاھێنەرێکی باشیش جڵەوکێشی تیپەکەمانەو لە ئێستادا زۆرباش کار دەکەین و ھەر لە بەر ئەمە لە گروپەکەی خۆماندا لە ڕیزی یەکەمەکانین.

ئەم یاریزانەی تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی عێراق پێشی داگرت: لە گروپی ئێمە دا یاری کردن لەگەڵ ئێران کە بەردەوام ڕێی لە مۆندیاڵ دەکەوێت، کارێکی ئاسان نییە. بەڵام لە بارەی ئێمەوە گەییشتن بە مۆندیاڵ بۆ وڵاتێک کە ساڵانێکی دوورودرێژ ئامادەی ئەم قۆناغە نەبووە، ھێندێک چەتوونە، گەرچی بۆ گەییشتن بە موندیاڵی قەتەر ئاستی بڕوابعخۆبوونمان بەرزەو لە خۆمان ڕادەبینین.

سەرپەیڤ