سەرکەوتنێکی گەورە بۆ یانەی «لیستەر سیتی»
لەچوار چێوەی یارییەکانی هەفتەی حەوتەمی خولی یانەکانی ئینگلتەرا یانەی «لیدز یونایتد» لە یاریگای خۆیدا میوانداریی یانەی «لسیتەر سیتی» کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک پێ دۆڕاند.
زۆر بە خێرایی یانەی میوان دەستپێشخەری کرد لە تۆمارکردنی گۆڵ و لە خولەکی دوودا «هارفی بارنیش» گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی «لیستەر» تۆمارکرد، بە خولەکی ٢١ «یوری تیلیمانیس» گۆڵی دوەمی بۆ یانەی «لیستەر سیتی» تۆمارکردو بەم چەشنە نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی «لیستەر سیتی» بە دو گۆڵی بێ وەڵام کۆتایی هات.
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی نیوەی دوەم و دوای تێپەڕبوونی تەنها سێ خولەک «ستیوارت داڵاس» گۆڵێکی بۆ یانەی خاوەن یاریگا تۆمارکرد، بەڵام لە خولەکی ٧٦ی یارییەکەدا «جیمی ڤاردی» تیمەکەی بۆ جاری سێیەم پێشخست، لە دوا خولەکی یارییەکەشدا «یوری تیلیمانیس» گۆڵی چوارەمی «لیستەر»ی تۆمارکرد و یارییەکەش بە ئەنجامی ٤ بە ١ لە بەرژەوەندی «لیستەر سیتی» کۆتایی پێ هات.
بەم بردنەوەیە «لیستەر سیتی» بە کۆکردنەوەی ١٥ خاڵ لە ٧ یاریدا پلەی دوەمی یانەکانی «پریمەرلیگی» دەست کەوتووە و «لیدز»یش بە ٧ یاریی تەنها ١٠ خاڵی کۆکردووەتەوە.