کانونی دوھەم 28, 2021 00:28 Asia/Tehran
  • «میھرداد میناوەند» ماڵئاویی لەژیان کرد

«میھرداد میناوەند» یاریزانی پێشووی تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی ئێران و یانەی «پێرسپۆلیس» کە لە بەر توشبوونی لەسەدا نەوەدی سیەکانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە ڕاگیرا بوو، شەوی چوارشەممە لە سەر پێنج شەممە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «میناوەند لەدایک بووی ساڵی ١٣٥٤ی کۆچیی ھەتاوی بوو کە لە ماوەی ساڵانی ١٣٧٥ ھەتا ١٣٨٢ ، ٧٥ جار دریسی تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی ئێرانی لە بەر کرد.

ئەم بەرگریکارەی لای چەپی تۆپی پێی ئێران لە ساڵی ١٣٧٤ی کۆچیی ھەتاوی لە یانەی «پاس»ەوە بە «پێرسپۆلیس»ەوە پەیوەست بوو. لە ماوەی سێ ساڵ ئەندام بوونی لەم یانەیەدا ٨٩ جار بە دریسی ئەم یانەیە یاریی کردو ١٣ گۆڵی بۆ تۆمار کرد. لە پاشان گوێزرایەوە بۆ «ئێشتورم گراتس»ی نەمساو لە ماوەی سێ ساڵ ٦٧ یاریشی بۆ ئەم تیپە ئەنجام دا.

«میناوەند» لەدرێژەی چالاکییەکانی بۆ «شارلوا»ی بەلژیک و «ئەلشەباب»ی ئیماراتیش یاریی کردو ئینجا لە ساڵی ١٣٨٢ ھەمیسان گەڕایەوە بۆلای «پێرسپۆلیس» و دریسی تیپە دڵخوازەکەی لەبەر کردەوە.

قۆناغی دووھەمی ئامادە بوونی لە «پێرسپۆلیس» تەنیا ساڵێکی خایاندو پاشان ئەم بەرگریکارەی لای چەپی یارییەکان ڕووی لە یانەکانی «سپاھانشو «ڕاە ئاھەن» کردو سەرەنجام لە ساڵی ١٣٨٤ی کۆچیی ھەتاوی بۆ یەکجاریی ماڵئاوایی لە تۆپی پێ کرد.

«میھرداد میناوەند» لە بواری ڕاھێنان دا ھێندە چالاکیی نەنواندو بەگشتیی ئامادە بوونی لەم بوارەدا سێ ساڵ زیاتری نەخایاند.

«میھرداد میناوەند» شەوی چوارشەممە لە سەر پێنج شەممە ، ھەشتەمی ڕێبەندان لە بەر تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا ماڵئاوایی لە گۆڕەپانی ململانێکانی ژیانی و تۆپی پێ کرد.

سەرپەیڤ