ته‌مووز 02, 2021 17:33 Asia/Tehran
  • پێشنیار دەکرێ زاراوەی هەورامی بخرێتە نێو پرۆگرامی خوێندنەوە

وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیاری ئەوەی کردووە کە زاراوەی هەورامی بخرێتە نێو پرۆگرامی خوێندنەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سشەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوزدستان، « حەمەی حەمە سەعید» وەزیری رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوسراوێکدا داوای لە «ئالان حەمە سەعید» وەزیری پەروەردە کردووە کە زاراوەی هەورامی بخاتە نێو پرۆگرامی خوێندنەوە. 

بەپێی نوسراوەکەی وەزیری رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە واژۆی ناوبراویشی لەسەرە و 30 حوزەیرانی ئەمساڵ ئاڕاستەی وەزیری پەروەردە کراوە، باسی ئەوە کراوە کە، ماوەیەکە باس و خواس لەسەر خوێندنەوە و نووسین بە شێوەزاری هەورامی بووەتە رۆژەڤ و قسەی لێدەکرێت و هەندێک جار داواکاریی دڵسۆزانەش کراوە و بڕێک جاریش لە قەواخی گلەیی لە خەڵک و رۆشنبیرانی دەڤەرەکە باسی ئەوە دەکرێت کە حکومەتی هەرێم گرنگی بە شێوەزاری دیکە نادات لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا.

« حەمەی حەمە سەعید» وەزیری رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان  ئاماژەی بەوەش کردووە کە، ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە یونێسکۆ هۆشداریی دەدات لە لەناوچوونی چەند زمان‌ و زاراوەیەک کە هەورامی یەکێک لەو زاراوانە دێتە ئەژمار.

وەزیری رۆشنبیریی ھەرێمی کوردستان هەموارکردنەوەی پرۆژەیاسای وەزارەتی پەروەردەی بەهەل زانیوە بۆ ئەوەی داوا لە وەزیری پەروەردە بکات کە، لانیکەم لە قۆناغی بنەڕەتیدا، لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە وانەیەک بە زاراوەی هەورامی بخوێندرێت.

وەزیری رۆشنبیریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی خستوەتەڕوو کە، زاراوەی هەورامی دەیان هەزار لاپەڕە دەستنووسی کۆنی پێ نوسراوەتەوە و لە رابردوودا زمانی نوسین‌ و ئەدەبیاتی کوردی بووە، بۆیە داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکەن دراسەی ئەم بابەتە بکات‌ و بیخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانەوە.

سەرپەیڤ