تشرینی یه‌که‌م 29, 2021 19:11 Asia/Tehran
  • فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان ھەتا دەھەمی خەزەڵوەر بەردەوام دەبێت

پانزەھەمین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان کە لە ڕۆژی چوارشەممەوە پێنجەمی خەزەڵوەر بە بەشداریی کۆمەڵێک لە بەرپرسان، ھونەرمەندان، تیپەکانی شانۆکار و جەماوەری ھۆگری ئەم شارە لە سەیرانگای «شانۆ»ی مەریوان دەستی پێکراوە، ھەتا ڕۆژی دووشەممە دەھەمی خەزەڵوەر بەردەوام دەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان ساڵی ڕابردوو لە بەر تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەی ئامادەمەند بەرپا نەکرا، بەڵام ئەمساڵ وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، مۆڵەتی بەرپا کرانی پانزەھەمین خولی ئەم فستیڤاڵەی بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان دەرکردووە.

بڕیار وا بوو ئەم فستیڤاڵە یەکەم ھەتا پێنجەمی خەزەڵوەر بەڕێوە بچێت، بەڵام بە گوێرەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی پانزەھەمین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، بە مەبەستی چەسپاندنی ھەل و مەرجی تەندروستی و دڵنیا بوون لە ڕەوتی کەم بوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای کوردستان و بە تایبەت شاری مەریوان، بەرپا کرانی فستیڤاڵەکە بە پێنج ڕۆژ دواکەوتن کەوتە ڕۆژانی پێنجەم ھەتا دەیەمی خەزەڵوەر.

فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان لە مێژە وشەی «نێونەتەوەیی» لەگەڵدایەو کەچی ئەمساڵ لە بەر تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆناو بەرتەسکیی ھاتوچۆی نێوان وڵاتان بە شێوەی نێونەتەوەیی بەڕێوە ناچێت.

لەم پەیوەندییەدا «ھیام ئەحمەدی» سەرپەرشتی تیپی شانۆی «نەھام» ڕۆژی پێنج شەممە دوای پێشکەش کرانی شانۆی تیپەکەی ڕایگەیاند: لە ئێستادا کە بۆ دوو ساڵێک دەچێ لەگەڵ نەخۆشینی «کۆڤیدی_١٩»دا دەستەوئێخەین، بەرپاکەرانی فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، جارێکی تر مەشغەڵی شانۆیان ھەڵکردووە کە دیارە ئاوا ھەوڵدانێک جێگای ڕێز و پێێزانینە.

سەرپەرشتی تیپی شانۆی «نەھام» جەختی لەوەش کردوەتەوە کە، لە ھەل و مەرجێکدا کە وڵاتەکەمان لەوانە پارێزگای کوردستان بەرەوڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بەرپاکردنی فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان کارێکی گەورەیەو دەبێ ستایشکاری بەرپرسانی بەرپاکەری فستیڤاڵەکەبین.

سەرپەیڤ