تێپەڕینی ١٢٤ ساڵ بەسەر ڕۆژنامەگەریی کوردی دا
١٢٤ساڵ بە سەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە شاری قاھیرەی پێتەختی میسرو لە لایەن بنەماڵەی تێکۆشەری بەدرخانییەکانەوە تێ دەپەڕێت.
ڕۆژنامەی کوردستان یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بوو کە یەکەم ژمارەی ١٢٤ ساڵ لەمەوبەر و ڕێکەوتی ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ بە تێکۆشانی «میقداد میدحەت بەدرخان» و «جەلادەت بەدرخان» لە قاھیرەی پێتەختی وڵاتی میسر چاپ کرا. دەستپێکی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان وەکوو چالاکییەکی جەماوەری و ڕۆشنبیری دێتە نرخاندن. ئەمڕۆکە ڕۆژی دەستپێکی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان لەلایەن ھەموو دەزگا کوردییەکان و ڕۆشنبیران و پێنووس بە دەستانی کوردەوە وەکوو سەرەتای ڕۆژنامەگەریی کوردی قەبووڵ کراوە و بە شانازییەوە یادی دەکرێتەوە.
دەرکردنی ڕۆژنامەی کورستان لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە زمانی کوردیش وەک زۆربەی زمانە زیندووەکانی دنیا بەشدارییەکی کارای لە بەرەوپێش بردنی ڕەوتی ڕۆشنبیریی هاوچەرخدا هەبووە. بەتایبەت لەو سەروبەندەی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا کە قۆناغێکی زۆر گرینگ و تایبەت و هەستیارە لە جوڵانەوەی سیاسیی و ڕەوتی سیاسەتی نێودەوڵەتیی.
دیارەبوونی ڕۆژنامە و دەرکردنی ڕۆژنامە بەشێوەیەکی گشتیی، ئاماژەیەکی گرینگە لەگەشەی کەلتوریی و شارستانیی هەر گەل و نەتەوەیەکی دیاریکراو کە کوردیش بەش بە حاڵی خۆی لەو سەردەمەدا ئەوەی کردووەو شوێن پەنجەی بە سەر پێشگەوتنی شارستانیەت و گۆڕانی کەش و ھەوای سیاسی و ئینسانیی دنیاوە دیارو ئاشکرایە.
ماڵپەڕی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە بۆنەی ١٢٤ەمین ساڵھاتی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە تەواوی ڕۆژنامەنووس و میدیاکارو قەڵەم بەدەست و ڕۆشنبیرانی کوردو بە تێکڕایی کۆمەڵگای کوردەواری پیرۆزبایی دەکات.