کانونی یه‌که‌م 17, 2022 17:57 Asia/Tehran
  • فیلێمێکی بەڵگەمەندی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر خەڵاتی بردەوە

«سێ نۆھەزارەم» ناوی ئەو فیلیمە بەڵگەمەندەی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر لە دەرھێنانی «بەھرۆز نورانی‌پوور»ـە کە خەڵاتی باشترین دایکۆمێنتی شانزەھەمین فستیڤاڵی سینەمای «حەقیقەت»ی بە خۆی تەرخان داوە.

بە پێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی سەحەر لە ھۆڵی «وەحدەت»ی تارانەوە، ڕۆژی ڕابردوو ئاھەنگی کۆتایی ھاتنی شانزەھەمین فستیڤاڵی سینەمای «حەقیقەت» لە ھۆڵی «وەحدەت»ی تاران دا بە ئامادە بوونی «مەهدی ئیسماعیلی»، وەزیری فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، «محەمەد خەزاعی»، سەرۆکی ڕێکخراوی سینەما، «محەمەد حەمیدی موقەددەم» بەڕێوەبەری ناوەندی گەشەپێدانی سینەمای دۆکیۆمێنتاری، ئەزموونی و ئەنیمەیشنی و کۆمەڵێک لە دۆکیۆمێنتسازان  بەڕێوە چوو.

لەم ڕووداوە ڕۆشنبیری و ھونەرییەدا خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی درێژ لە بەشی نێونەتەوەیی دا بەخشرایە بەڵگەفیلمی «سێ نۆھەزارەم» لە دەرھێنانی «بەھرۆز نورانی‌پوور» کە بە سپۆنسەری و داکۆکیی کەناڵی ئاسمانیی سەحەرساز کراوە.

«سێ نۆھەزارەم» لە دەرھێنانی «بەھرۆز نورانی‌پوور» ژیانی دڵتەزێنی کۆمەڵێک لە ژنانی ئێزدی لە ناوچەی شنگال  دەگێڕێتەوە کە لە پاش ھێرشی تاقمە تیرۆریسیتی و تەکفیرییەکەی داعش بۆ سەر ئەم ناوچەیە لە پاش کوشت و بڕی پیاوەکانیان ، بە یەخسیری بران و تیرۆریستانی داعش لە نەریتێکی خۆچێکردوودا بە ناوی جیھادی نیکاحەوە لە خۆیانیان مارە کردن و دەستاودەستیان پێ کران.

لە ئێستادا بەرھەمی ئەو دڕندەکاری و ڕەوشت نزمییەی تیرۆریستانی داعش کۆمەڵێک ئافرەتی توشی خەمۆکی ھاتوون بە حەوت ھەزار منداڵی نەخوازراوەوە کە لە کۆمەڵگای ئێزدییەکاندا ھیچ جێ و شوێنێکیان نییە و دایکانیان نە دەتوانن ئەو منداڵە بێ تاوانانە بەرەڵڵا کەن و نە دەشتوانن لای خزم و کەسیان بمێننەوە، ئەم دەردەش نزیکەی نۆ ھەزار ئافرەتی ئێزدیی گرتووەتەوە کە لەو ژمارە قورسە «بەھرۆز نورانی‌پوور» تەنیا سیانیان وەک نمونەی زەق و بەرچاوەی نۆ ھەزار مرۆڤی سەرلێشێواوی بێ لانەو پەسیو ھەڵدەبژێرێت بۆ وتووێژو ئاخاوتن و ھەرلە بەرئەمەش ناوی «سێ نۆھەزارەم» واتە سێ کەس لە نۆ ھەزار ئافرەتی کۆڵەوار بۆ بەڵگەفیلمەکەی دیاری دەکات.

جێگای ئاماژەیە کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە سەرنجدانی گرینگی دانی بە تەوەرەی بنەماڵەودۆخی ئافرەتان لە کۆمەڵگادا پێشتریش بەرھەمێکی ناوازەی دیکەی بە ناوی «ژیان» لە دەرھێنانی «ڕامین شێخولئیسلامی» پێشکەشی دنیای ھونەرو فیلیمی بەڵگەمەند کردووە کە ئەمەش نزیکەی پێنج مانگێک لەمەوبەر لە سیانزەھەمین فستیڤاڵی «غەدیر» لە بەغدای پێتەختی عێراق وەک بەرھەمێکی ھەڵبژاردە خەڵاتی بە دەست ھێناو خەڵاتەکەشی لە لایەن «ڕەزا دەرویش نوری» بەڕێوەبەری ئەو کاتی بەشی بەرھەمھێنانی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر پێشکەشی بنەماڵەی شەھید«ئەبو مەھدی موھەندیس» ھاوڕێ و ھاوسەنگەری شەھیدی نەمر «حاج قاسم سولەیمانی» کرا.