درەوشانەوەی هونەری ئێرانی لە پێشانگای جیهانیی پیشە دەستییەکان
پیاوان و ژنانی هونەرمەندی ئێرانی بەشێک لە پیشە دەستییەکانی ئێرانیان لە پێشانگای جیهانی پیشە دەستییەکان خستە بەرچاو.
هاوکات لەگەڵ شەستەمین ساڵی دامەزرانی ئەنجومەنی جیهانیی پیشە دەستییەکان، کۆبوونەوەیەکی پێنج ڕۆژە لە شاری نیودێلهی و دوو شاری دیکەی هیندستان هاوڕێ لەگەڵ بەرپاکرانی پێشانگایەک بە بەشداریی هونەرمەندانی ٢٠ وڵاتی جیهان بەڕێوە دەچێ. بە وتەی سەرۆکی ئەنجومەنی جیهانیی پیشە دەستییەکان ، تێکەڵاوێک لە نوێکاری، جوانی، وردبینی و کاری ناسک و نیان لە پیشە دەستییەکانی ئێراندا، بۆتە هۆی برەوپێدران و هەرمێن بوونی ئەم هونەرە ئێرانییانە.
ئەنجومەنی جیهانیی پیشە دەستییەکان (World Crafts Council) ڕێکخراوێکی ناحکومییە کە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی پێگەی پیشە دەستییەکان بناغەی داڕێژراوە. ئەنجومەنی جیهانیی پیشە دەستییەکان ١٢ی ژوەنی ١٩٦٤ بە هەوڵ و تێکۆشانی "ئایلین ئازبۆرن وێب" لە نیۆیۆرک و بە مەبەستی بەرزکردنەوەی پێگەی پیشە دەستییەکان، بەهێزتر کردنی پێوەندیی نیوان هونەرمەندانی پیشەدەستییەکانی سەرانسەری جیهان، هاندان، یارمەتیدان و دانی مشوور و ڕاوێژ بەوان لە بواری شێوەی بەدەسهێنانی داهات، بەڕۆژ و بەکەڵک کردنی پیشە دەستییەکان لەگەڵ پاراستنی میرات و کەلپووری باو و باپیرانیان و دەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای مۆدێرن لە ئاراستەی دەسڕاگەیشتن بە بازاڕگەلی تازە، بنچینەی دانرا.
ئەم ئەنجومەنە سەرەتا بە چەن ئەندامێک کاری خۆی دەست پێ کرد، بەڵام ئێستاکە، ٩٠ وڵاتی جیهانی لە خۆ گرتووە و دەبیرخانەکەی لە شاری ئامستەردامی هۆڵندایە. ئێران، لە ساڵی ١٣٤٧ی هەتاویدا واتە ١٩٦٩ی زایینی، لە ڕێگای ڕێکخراوی پیشە دەستییەکانی وڵاتەوە بوو بە ئەندامی ئەم ئەنجومەنە و لە کۆڕی ئاسیا و ئوقیانووسییەدا، چالاکیی خۆی دەست پێکرد.