شوبات 18, 2023 18:51 Asia/Tehran
  • خوێندکارێکی تەمەن ٩١ ساڵانی خەڵکی ورمێ بە نمرەی ٢٠ دەرچوو

«غوڵامڕەزا کەریم ئیلاهی»، خوێندکاری تەمەن ٩١ ساڵی زانکۆی ورمێ، دوای بەرگریکردن لە تێزی دکتۆراکەی، بە نمرەی ٢٠ دەرچوو.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئەم خوێندکارە تەمەن ٩١ ساڵەی زمان و ئەدەبی فارسی توانی بە نمرەی ٢٠ لە زانکۆی ورمێ دەرچێت.

سەرۆکی کۆلیژی ئەدەب و زانستە مرۆڤیەکانی زانکۆی ورمێ لەو پێوەندییەدا وتی: ئەم خوێندکارە توانی بابەتی شوێن وەرگرتنی «حافیز»ی شاعیری ناوداری ئێرانی لە قورئانی پیرۆز بە پاڵپشتییەکی زانستیی بەهێز تەواو بکات.

«بەهمەن نەزهەت» لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: تێزی ئەم توێژەرە بە شێوەیەکی زۆر پاراو و زانستیانە و بە میتۆدی مۆدێرن، چ لە ڕواڵەت و چ لە شیکاریی مانا و ناوەڕۆکدا پێشکەش کرا.

«غوڵامڕەزا کەریم ئیلاهی»ش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان وێڕای ڕاسپاردنی ئەوەی کە هیوا خاڵی جێی سەرنجی سەرکەوتنە، ڕاشیگەیاند: من پێموایە نابێت لە هیچ قۆناغێکی ژیاندا دەستبەرداری هەوڵدان بیت.

بابەتی تێزەکەی «کەریم ئیلاهی» پێداچوونەوەیەک بوو بەڕادەو شێوازی کاریگەری و شوێن وەرگرتنی «حافز»ی شیرازی لە سەرچاوە ئاینییەکان و شاعیرانی پێشکەوتوو و هاوچەرخی خۆیەوە.

«دکتۆر نەزەریانی» و «دکتۆر نەزهەت» لە ئەندامی کۆڕی زانیاریی زانکۆی ورمێ  سەرپەرشتیاری «غوڵامڕەزا کەریم ئیلاهی» بوون.

هەروەها «دکتۆر مۆزەفەری» و «دکتۆر تۆلوعی ئازەر» و «دکتۆر فائیزی»ش داوەرانی کۆبوونەوەکەی بەرگریی ئەم خوێندکارە تەمەن ٩١ ساڵەی تێزی دکتۆراکەی بوون و هەموویان نمرەی ٢٠یان دایە.

سەرپەیڤ