نیسان 12, 2023 05:50 Asia/Tehran
  • شەوێک کە یەکسانە لەگەڵ ھەزار مانگ دا

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِیمِ إِنَّا أَنْزَلْنَاهُ فِی لَیْلَةِ الْقَدْرِ ﴿١﴾ وَمَا أَدْرَاکَ مَا لَیْلَةُ الْقَدْرِ ﴿٢﴾ لَیْلَةُ الْقَدْرِ خَیْرٌ مِنْ أَلْفِ شَهْرٍ ﴿٣﴾ تَنَزَّلُ الْمَلَائِکَةُ وَالرُّوحُ فِیهَا بِإِذْنِ رَبِّهِمْ مِنْ کُلِّ أَمْرٍ ﴿٤﴾ سَلَامٌ هِیَ حَتَّىٰ مَطْلَعِ الْفَجْرِ ﴿٥﴾

وشەی قەدر چەمک و واتای جۆربەجۆری ھەیە وەکوو قودرەت و دەستەڵات و یاخود قەدەر و ئەندازە،یان یەکسان بوونی شتێک لەگەڵ شتێکی دیکەدا بەبێ کەم و زۆر،  لە بارەی فەزیلەتەکانی شەوی قەدرەوە دەبێ بڵێین کە شەوی قەدر شەوی دابەزینی یەکسەرەو وێگڕای قورئانی پیرۆز لە بیت المعمورە کە بەشێوەی بەرەبەرە ماوەی ٢٣ ساڵ بەسەر دڵی موبارەکی پێغەمبەری سەردار(ص)دا دابەزیوە.

لە شەوی قەدردا دەرکەکانی دۆزەخ دادەخرێن و دەرکەکانی بەھەشت دەکرێنەوەو شەیتان ئالەم شەوەدا ھەتا ئەنگوتنی بەیانی خۆی دەرناخات و دەرکەکانی ئاسمان ڕەحمەتی ئیلاھی لە ڕووی بەندەکانی دەکرێتەوەو بەگشتی ئەم شەوە شەوی قەبووڵ کرانی کارو کردەوەی خێروخێرومەندانەوعیبادەتی پاک­و نیازپاکانەیە.

ئەم شەوە شەوی نووسینی کردەوەی چاکەو ھەر کردەیەکی خوداپەسەندانە لەم شەوە پیرۆزەدا بەرامبەرە لەگەڵ ئەو کردەوانەی کە مرۆڤ لە ماوەی ھەزار مانگی ئاسایی دا ئەنجامی دەدات، ئینجا چەندە چارەڕەشن ئەو لەخودا بێ خەبەرانەی کە لەباتی قۆستنەوەی ئەم شەوە پیرۆزانەو ئەنجام دانی کار خێرو ئیحسان ھەوڵ بۆ چاندنی تۆوی نیفاق و بەلاڕێ دا بردنی دین و دووبەرەکی سازکردن و چەواشەکاری و خوێن ڕشتن دەدەن. دیارە ئاوا کردارگەلێکی دزێوو ناحەزیش تەنیا تایبەتی ئەم چاخ و سەردەمەی خۆمانەوە نییە کە بەناوی خوداوپێغەمبەرو بەناوی ئیسلامی پیرۆزو ئاسمانییەوە کە ئایینی سەلام و ئاشتییە خەریکی کوشت و بڕی خەڵک و تێکدانی مزگەوت و شوێنە پیرۆزەکانن .

بێ گومان ئەگەر مرۆڤ حەلاوەت و شیرینیی عیبادەت و بەندایەتیی خوداوەند نەچێژێ ناتوانی لە واتای عیبادەت و بەندایەتی و زیکرو یادی خوداش تێ بگات و لە کاریگەری و شوێن دانانیشی لە ژیانی دنیاو دواڕۆژدا بێ بەری دەبێت.بە جۆرێک کە ئەگەر بێت و مرۆڤ بتوانێ لەم چەمک و واتایە تێ بگات کە ئەو کاتەی وا بیرلە خوداوەندی مەزن دەکاتەوە خوداش بیری لێ دەکاتەوەو بەبێ پەیوەندیدەرێک و بەشێوەی ڕاستەوخۆ گوێی لە داخوازییەکانی دەبێت و وەدییان دێنێ، ئەوسا لەوە تێ دەگات کە ڕازو نیاز لەگەڵ خودایەک دا کە خێرا گوێی لە دەنگی بەندەکانی دەبێ و داخوازییەکانیان وەدی رێنێ چەندە شیرین و ئۆخژناوییە. وەک چۆن بۆخۆی فەرموویەتی کە: کاتێک کە بەندەکانم لە بارەی منەوە پرسیار دەکەن پێیان بڵێ کەمن بەردەوام لێیان نزیکم و کاتێک داوای شتێکم لێ دەکەن داخوازییەکانیان وەدی دێنم.

کەوا بوو با لەم ڕۆژانەدا داوا لە خوداوەندی تاقانە بکەین کە شیرینی و حەلاەوتی عیبادەت و بەندایەتی و ڕازونیاز کردن لە گەڵ خۆیمان پێ بچێژێنێ. انشاا...