٢٣٩ بەرهەم نێردرانە چوارەمین فستیڤاڵی نەتەوەیی ئێتۆدە شانۆییەکانی بۆکان
بەڕێوەبەری چوارەمین فستیڤاڵی نەتەوەیی ئێتۆدە شانۆییەکانی ئێران وتی: ٢٣٩ بەرهەمی هونەرمەندانی ٣١ پارێزگای وڵات نێردراوەتە سکرتاریەتی چوارەمین فستیڤاڵی نەتەوەیی ئێتۆدە شانۆییەکانی ئێران کە بەمیوانداریی شاری بۆکان بەڕێوە دەچێ.
کاوە محەممەدزادە لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند: پارێزگای فارس بە بیست و حەوت بەرهەمی پێشکەشکراو لە نێو ئەو بەرهەمانەی کە لە لایەن سکرتاریەتی فێستیڤاڵەوە وەرگیراون، زۆرترین پشکی هەیە، لە دوای ئەویش ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە ٢٣ بەرهەم، تاران بە ١٥ بەرهەم، کوردستان بە ١٣ بەرهەم، و پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئەردەبیل و خوراسانی ڕەزەوی هەریەکەیان بە١٠ بەرهەم لە ریزەکانی دواتر دان.
ناوبراو ئامانج لە بەڕێوەچوونی ئەو رووداوەی گەڕاندەوە بۆ ناسینی کەسانی خاوەن بەهرەو لێهاتووی نوێ، پشتگریی لە بیرۆکەی داهێنەرانە لەبواری هونەری شانۆ، رەخساندنی کەشی ڕکابەرانە لەنێوان هونەرمەندان و بەرزکردنەوەی جێگەو شوێنی ئێتۆدە شانۆییەکان لە وڵاتدا.
چوارەمین فستیڤاڵی نیشتمانیی ئێتۆدە شانۆییەکانی ئێران بەمیوانداریی بۆکان بەڕێوەدەچێ و بە سەرنجدان بە پێشوازیی بەرفراوانی هونەرمەندان، لە گرینگترین ڕووداوە شانۆییەکانی وڵات لەمساڵدا بەئەژمار دێ.