ئامادە بوونی بەربڵاوی ڕۆژووگرانی فەلەستینی لە مزگەوتی ئەقسا
لە چوارەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا هەزاران ڕۆژووگری فەلەستینی نوێژی عیشا و تەراویحیان لە مزگەوتی ئەقسا بەجێ ھێنا.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێران پرێس، شەوی یەکشەممە لە سەر دووشەممە، لە چوارەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، نوێژخوێنان و ڕۆژووگرانانی فەلەستینی، سەرەڕای ئاستەنگ و هەراسانکارییەکانی سوپای ئیسرائیل لە قودسی داگیرکراو، بە شێوەیەکی بەربڵاو لە مزگەوتی ئەقسادا ئامادە بوون.
سەرەڕای جموجۆڵ و هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل، شەوی یەکشەممە لە سەر دووشەممە نزیکەی ٥٠ هەزار فەلەستینی توانیان نوێژی عیشا و تەراویح لە مزگەوتی ئەقسا بەجێ بێنن.
وەقفی ئیسلامی و کاروباری مزگەوتی ئەقسا داوای لە گەلی موسڵمانی فەلەستین کرد کە ئیعتیکاف بکەن و بە شێوەی بەربڵاوو ھەمیشەیی لە مزگەوتی ئەقسا و حەوشەکانیدا ئامادە بن بۆ ئەوەی ئیسرائیلییەکان هێرش نەکەنە سەر ئەم مزگەوتە.
ژمارەیەک لە شارۆچکەنشینانی زایۆنی ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەربازانی ئیسرائیلی هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا و لەگەڵ نوێژخوێنان و گەنجانی فەلەستینی تێکهەڵچوون.