ئادار 15, 2021 15:18 Asia/Tehran
  • 16ی مارس، پەڵەیەکی رەش لە مێژووی مرۆڤایەتی دا

لە ڕۆژی 16ی مارسی 1988، کاتژمێر یانزە و سی و پێنج خولەکی پێش نیوەڕۆ، دەیان فڕۆکەی جەنگیی ڕژێمی بەعسی سەددام، کەوتنە بۆردومانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی و بە چەکی کلاسیکی لە سەرەتادا گازی خەردەلی تێدا بەکارهات و دواتریش بۆ یەکەم جار لە مێژووی دروست کردنی چەکی کیمیاوی گازی دەمارەکان بەکارهات.

ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1984ەوە دەستی کرد بە بەکارهێنانی بەربڵاوی گازی دەمار، گازی سارین و گازی ژەهراوی کردنی خوێن تابۆن و وی ئیکس. ئەم گاز و چەکە کیمیاییانە لە لایەن هەندێ دەوڵەتی ڕۆژاواییەوە درابوون بە سەدام.

34 کۆمپانیای ئەورووپایی و ئەمریکایی لە ڕێگای بازرگانێکی هۆلەندی بە ناوی فڕانس ڤان ئانرات ئەم چەکە قەدەغە و گازە کیمیاییانەیان بە سەدام و ڕژێمی ڕووخاوی بەعس دەفرۆشت. ئەویش دژی ئێرانییەکان و دژی کورد بەکاری دەهێنا و سەردەشت و پیرانشار و مەریوان و بانە و ئیلام و خوڕەمشار و زۆر ناوچەی دیکەی لە ئێرانی پێ بۆردومان کرد و لە ناوخۆی وڵاتی عێراقیش هەزاران کوردی بەو چەکانە کوشت و بریندار کرد.

ئەو ڕۆژەی هەڵەبجە بۆردومان کرا

ئەو ڕۆژەی هەڵەبجە بۆردومانکرا دەیان فڕۆکەی جەنگی (سیخۆ و میراژ) ئاسمانی شارەکەیان داپۆشی و (١٥) پانزە جار شارەکە بۆردومان کرا. هەرجارەی  هەشت تا دە فرۆکە بەشداریی دەکرد و گازەکانی (خەردەل، سیانید، و فسفۆڕ)یان دەڕژاند بەسەر دانیشتواندا.

ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا ڕوویدا، لە کاتژمێر (٣) سێی پاش نیوەڕۆی 16 ی مارس دا، خەڵکەکە هەستیان بە بۆنێکی نائاسایی دەکرد، لە بۆنی سێوی شیرین دەچوو، هەندێکیان بە بۆنی عەتر و خەیار و سێو تێدەگەیشتن، ترسێکی بێوێنە باڵی کێشا بەسەر ئەو خەڵکەدا. ئەوەی توانییان بیکەن تەنها ئەوەندە کە کون  دەرگاو دیوارەکان بە خاولیی تەڕ بگرن و دەموو لوتیان بە قوماشی تەڕ داپۆشن، هەندێکیان ئاگریشیان لە ژوورەوەی پەناگەکاندا دەکردەوە.

ئەو هەڵەبجەییانەی کە لەو ژەهربارانە ڕزگاریان بووە دەڵێن بە چاوی خۆیان بینیویانە، خەڵک هەبوو لەبەر دەرگا، لەسەر رێگا ، لە ناو ئۆتۆمبێلدا گیانی سپاردبوو، زیندووەکان دۆخیان زۆر ناجێگیر و خراپ بوو، دەم و دەست و چاویان لە گۆ کەوتبوو.

هەندێکیان بەبێ ویستی خۆیان پێدەکەنین، هەندێکیان پەلە قاژێی دەربازبوونیان دەکرد و کەمێک دەڕۆیشتن و دەکەوتن، چاویان باش بینایی نەدەکرد و وەک ئەوەی دەرزی ئاژنین بکرێن، کە میزیان دەکرد میزی خوێناوییان دەکرد. ئەوەش هەموو کاریگەری کوشندەی ئەو چەکە کیمیاوییە قەدەغەکراوە بەکارهاتووانە بوون.

دەرەوەی شارەکەش هەموو بۆردومان کرابوو بۆ ئەوەی ئەوانەی دەیانەوێت بیر لە خۆ دەربازکردن بکەنەوە لەوێش بە کاریگەری ژەهرەکان گیان لەدەست بدەن. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە بەشێک لەوانەی لە شار چوونە دەرەوە لە دەوروبەری شارەکەدا گیان لەدەست بدەن.

ئاماری قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئامارێکی هەڵەبجەیان گرتووە و سێ هەزار و دوو سەد ناویان لایە. وە بڕواشیان وایە کە چوار هەزار تا حەوت هەزار، لە هەڵەبجە خنکێنرابێت.

 لەپێش جینۆسایدی هەڵەبجە، ژمارەی دانیشتوانی ناوەندی قەزای هەڵەبجە و گوندەکانی یەکەی کارگێڕییەکەی بەپێی سەرژمێری ساڵی (١٩٨٧)، کە لەلایەن ڕژێمی عێراقی لەناوچووەوە کرابوو، گەیشتبووە (١١٥٥٤٠) سەدو پانزە هەزار و پێنج سەد و چل کەس. کە لە شارەکە و (٢١٦) دوو سەدو شانزە گونددا نیشتەجێ بووبوون.

لە دوای جینۆسایدەکە تەنها (١٨) هەژدە گوند مانەوە و (١٩٨) سەدو نەوەدو هەشت گوندەکەی تر وێرانکران و خەڵکەکەی ئاوارەکران و بوونە پەنابەر. سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشت بەڕێژەی (١٠٠%) لە سەدا سەد لە ناوبران، چونکە سەرجەم ناوچەکەیان کرد بە قەدەغەکراو.

 ئامارێکی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ژمارەی کوژراوەکان دەگاتە (٥٤٦١) پێنج هەزار و چوار سەدو شەست و یەک کەس و ژمارەی بریندارەکانیش لە ناو (١٤) چواردە کامپی ئێراندا و بەپێی ئاماری ئێرانییەکان دەگاتە (١٢٨٠٠) دوانزە هەزار و هەشت سەد کەس.

بەشێک لەو بریندارانەش کە ڕوویان لە ئێران کرد بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بەشێکیان لەوێ گیانیان لەدەست دا و هەر لەوێش نێژران لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرای تاران لە شوێنێکدا بەناوی (موقعیت شهدای حلبچە)، کە ژمارەیان نزیکەی (١٧٠) سەد و حەفتا گۆڕە. هەر لە ئێران و لە ناوچە کوردنشینەکان نزیکەی (٧٣٠) حەوت سەد و سی گۆڕی تری شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە هەیە.

بەشێکی ئەو بریندارانەش بەهۆی سەختیی برینەکەیان و کوشندەی گازەکانەوە کە تا ئێستا چارەسەریان وەرنەگرتووە بەردەوام لێیان دەمرێت.

ئەوانەش کە ماون و لە ژیاندان لە دۆخێکی تەندروستی سەختتدان و گازە بەکارهاتووەکان دەیان کاریگەری وەک شێرپەنجەی سییەکان، کاریگەریی سەر کۆئەندامی هەرس، کاریگەریی سەر پێست و چاو، کاریگەریی لەسەر کۆ ئەندامی هەناسەدان، بڵاو بوونەوەی نەزۆکی لەنێوان پیاوان و ئافرەتەکاندا و کەمبونەوەی بەرگریی نەخۆشی لە کەسانی ئاسایی، بەجێهێشتووە.

بێدەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان

(١٩٨٨) ئەو ساڵە بوو کە قووڵترین جینۆساید لە مێژووی هاوچەرخی جینۆسایدەکانی دنیا لەدژی هەڵەبجە و کوردستان ئەنجامدرا. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگییان هەڵبژارد.

لەبری ئەوەش ئەو ڕێکخراوە هەڵوەشێتەوە و ڕەخنەی یاسایی و سەرکۆنەبکرێ، لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ویژدانە زیندووەکانی دنیاوە، کەچی پێچەوانەکەی ڕویداو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی (١٩٨٨) بەهێزەکانی ئاشتی پارێزی ئەو ڕێکخراوە بەخشرا.

ئەرکی یاسایی و ڕەوشتمەندیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو وەک دەستگای جێبەجێکاری یاسای نێودەوڵەتی، کە دادگایەکی تاوانکاریی نێودەوڵەتی پێکبهێنایە بەپێی بەشی حەوتەمی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دادگاییکردن و سزادانی ڕژێمەکەی سەددام، بەڵام بەو ئەرکە هەڵنەستا.

لەپاش ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسی سەددام و پێکهێنانەوەی عێراقی نوێ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای ژمارە (١٠)ی لە (٩/١٠/٢٠٠٥) دەرکرد و بەو یاسایەش دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی دامەزرا بۆ دادگایکردنی سەرانی ڕژێمی سەددام.

کەیسی هەڵەبجە یەکێک بوو لە کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە دادگای باڵای تاوانکاریی عێراقدا. یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسی هەڵەبجە لە (٢١/١٢/٢٠٠٨) ئەنجامدرا. لە (١٧/١/٢٠١٠) دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند. لەبری ئەوەی کەیسەکە بە جینۆساید بناسێنێت. لەو چوارچێوەیەشدا سزای لەسێدارەدان بەسەر تاوانبار (عەلی حەسەن مەجید) جێبەجێکرا لە (٢٥/١/٢٠١٠).

دواتر هەریەک لە تاوانکاران (سوڵتان هاشم- فەرحان موتڵەگ- سابر عەبدول عەزیز) بە (١٥) پانزە ساڵ زیندانیکردن سزادران.

پەڕلەمانی عێراق-یش لە (١٧/٣/٢٠١١)، لە کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە (٤٤)، بە بریاری ژمارە (١٢) کەیسی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند.

قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیانی هەڵەبجە

بەڵام تا ئێستا قەرەبووی مەعنەوی و ماددی زیانلێکەوتوانی هەڵەبجە نەکراوەتەوە، کە بەگوێرەی یاسای عێراقی و نێودەوڵەتی ئەرکی حکومەتی ئێستای عێراقە وەک میراتگری حکومەتی بەعس بە ئەرکی قەرەبووکردنەوەکە هەستێت.

دوای 33 ساڵ و پاس ئەوەی دادگەی نێودەوڵەتی لاهە و زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆردومانی هەڵەبجەیان وەکوو جینوساید و کۆمەڵ کوژی کوردەکان وەسف کرد بەڵام هێشتا وڵاتانی پاگەندەکاری مافی مرۆڤ و وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکایی کە چەک و گازی کیمیاییان بە سەدام فرۆشتووە ئامادە نین ئەو تاوانە و بەشداریی لەو جەنایەتە قبووڵ بکەن بەڵام زمانیان هەر زمانیان درێژە بۆ درۆ و پاگەندە کردن.

(سەرچاوە : ئاژانسی ھەواڵی مێھر) 

سەرپەیڤ