May 06, 2021 02:28 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی دووھەمین کۆنگرەی نێونەتەوەیی قودسی پیرۆز

بەشدارانی دووھەمین کۆنگرەی نێونەتەوەیی قودسی پیرۆز لە بەیاننامەی کۆتایی ئەم کۆنگرەیەدا جەختیان لەوە کردەوە کە قودسی پیرۆز و فەلەستین و مزگەوتی ئەقسا سەرەکی ترین و گرینگترین و ستڕاتژی ترین کێشەی جیھانی ئیسلامە و بەردەوام دەبێ لە لایەن تەواوی زانایان و بیرمەندان و جیھانی ئیسلامەوە سەرنج و گرینگایەتیی بدرێتێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئێران پرێس، دووھەمین کۆنگرەی نێونەتەوەیی قودسی پیرۆز ڕۆژانی١٤و١٥ی بانەمەڕ بە بەشداریی «بەعەسەی» ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، کۆگەی لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامییەکان، ناوەندی بەڕێوەبەرایەتیی حەوزەکانی عیلمیەی سەرتاسەری وڵات، کۆگەی ڕاچەنینی ئیسلامی، لقی قودس، ناوەندی کاروباری نێونەتەوەیی ڕادیۆوتەلەفزیۆن، یەکێتیی ڕادیۆو تەلەفزیۆنە ئیسلامییەکان، دامەزراوەی کەوسەری تورکیا، لێژنەی ڕۆشنبیری و ڕاھێنانی ئەربەعین و دامەزراوەی نێونەتەوەیی ئەربەعین و بە ئامادە بوونی دەیان کەس لە کەسایەتییە فەرھەنگی و سیاسی و ئایینییەکانی جیھان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چوو.

لێژنەی پسپۆڕیی بنکەی بەرپاکردنی ئەم کۆنگرەیە بە کۆکردنەوەی وتاری کەسایەتییەکان و بیرمەندانی ٢٣ وڵاتی جیھان، ھێندێک تەوەرەی وەک ھەوێن و ماکی باسەکان کردووە بە ناوەڕۆکی بەیاننامەی کۆتایی دانیشتنەکەو جەختی لەوە کردووەتەوە کە، بەشدارانی دووھەمین کۆنگرەی نێونەتەوەیی قودسی پیرۆز وێڕای نوێ کردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئارمانجەکانی ئیمام خومەینی(رە) و ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئەوپەڕی ھەوڵی خۆی لە ئاراستەی ڕاپەڕاندنی ھزرو ڕێنوێنیەکانی بەڕێزیان لەمەڕ بووژاندنەوەی پرسی قودسی پیرۆز و گەڕاندنەوەی فەلەستینی چەوساوە بۆ باوەشی ئوممەتی ئیسلامی بەکار دێنێ.

_قودسی پیرۆزو فەلەستین و مزگەوتی ئەقسا سەرەکی ترین و  گرینگترین و ستڕاتژی ترین کێشەی جیھانی ئیسلامە و بەردەوام دەبێ لە لایەن تەواوی زانایان و بیرمەندان و جیھانی ئیسلامەوە سەرنج و گرینگایەتیی بدرێتێ.

_ نیزامی پاوانخوازو ئیستیکبار لە ھەوڵدایە ھەتا بە بۆشایی دروست کردن و ناکۆکی نانەوە لەنێو ئوممەتی ئیسلامی و ھێنانە ئارای بابەتی لاوەکی و کاراکردنی تیرۆریستانی دەستکردی خۆی لەوانە داعش و ئەلقاعیدە جێگۆڕکێ بە پرسە سەرەکییەکانی جیھانی ئیسلامم بکات ھەتا زەینی ئوممەتی ئیسلامی لە پرسی فەلەستین و قودس دوورخاتەوە. ھەر بۆیە داوا لە بلیمەتانی ئوممەتی ئیسلامی دەکرێت بەوپەڕی وریاییەوە ئاگایان لەو تەڵەکەیەی ئیستیکبار بێت و بە ڕوونکردنەوەی لاسوچەکانی ئەم پیلانە یەکگرتووی ئوممەتی ئیسلامی ھێزمەند بکات.

_ دەرفەتە گرینگ و گەورە ئیسلامییەکان لە جیھاندا لەوانە ئاھەنگی حەجی تەمەتوع و ئەربەعینی حسەینی بۆ تەواوی ھەڵسوڕاوانی بواری فەرھەنگی بە تایبەت میدیاو زاناو بیرمەندانی جیھانی ئیسلام ھەلێکی زێڕینە کە دەبێ لە ئاراستەی ڕاچەنینی ئیسلامی و ئاشکرا کردنی ملھوڕییەکانی ڕژێمی زایونی و چەوساوەیی گەلی فەلەستین بقۆزرێتەوە.

_دەوڵەتی ئیستیکباریی ئەمریکا وەکو ھاتاوانی سەرەکیی ڕژێمی زایونی لە ھەوڵی ئەوەدایە ئەم ڕژێمە ساختە دەست درێژکارە وەکو ڕاستییەک بە سەر جیھانی ئیسلام دا بسەپێنێ و لەم ئاراستەیەدا ڕژێمە گوێ لەمستەکانی پارێزەری بەرژەوەندیی ڕۆژئاوای ناچار بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی داگیرکەرو ساختەی ئیسرائیل کردووە کە دیارە لەم بارەیەوە گەلانی موسڵمان قەت ئەو پەیوەندییە سەرشۆڕانەیەی ڕژێمە کۆنەپەرستەکان بە فەرمی ناناسان و بە ھەموو ھەست و نەستیانەوە ڕق و بێزاریی خۆیان بەرامبەر بەو ھەنگاوە ترسنۆک و خائینانەیەو ھەروەھا ڕژێمی زایونی دەردەبڕن.

_بەشدارانی ئەم کۆنگرەیە لە کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوای ئەوە دەکەن کە وێڕای ئیدانەکزردنی دەستبەجێی دڕندەکارییە دژی مرۆڤییەکانی ڕژێمی زایونی، بە ھەنگاوی گونجاوو پێش پێ گرانە بەرنگاری ئەو دەست درێژکاری و ستەمکارییانە ببنەوە.

_بەشدارانی کۆنگرەکە لە تەوەرەی خۆڕاگریی ئیسلامی لە جیھانی ئیسلام بەتایبەت سەرزەوینی فەلەستین لە مەڕ بەرنگار بوونەوەی دەست درێژکاری و ھەروەھا بووژاندنەوەی مافی جەماوەری چەوساوە لە ھەمبەر ڕژێمی زایونی داکۆکی دەکەن و تاکە ڕێگای ڕزگاریی فەلەستین و ئازادیی قودسی پیرۆز لە خەبات و خۆڕاگری دا دەبیننەوە. 

_ھەڵگیرانی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە و گەلی فەلەستین خواستی تەواوی ئوممەتی ئیسلامی و ئەرکی گرینگی دەوڵەتە ئیسلامییەکان و پێکھاتە نێونەتەوەییەکانە کە دیارە خەمساردی لەم بوارەدا جێگای قەبوڵ نییە و ئەوانە بەرپرسی ھەموو پەژارەو ئازارێکی گەلی فەلەستینن.

_ بەیتولموقەددەس بە پێتەختی ھەمیشەیی و نەگۆڕی فەلەستین دەزانین و ھەرچەشنە گۆڕێن و ڕەستوەردانێکی جوگرافیایی و ساسی و کلتووری بە توندی ئیدانە دەکەین.

_ئامادە بوونی نایاسایی ھێزە تیرۆریستەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە کە ئامانجەکەی داکۆکی لە ڕژێمی ڕوو لە ئاوا بوون و ساختەی ئیسرائیل و پشتگری لێ کردنیەتی، بە بەزاندنی سنووری سەرزەوییە ئیسلامییەکان و بە پێچەوانەی داب و نەریتی نێونەتەوەیی دەزانین و خوازیاری پێچرانەوەی تەواوی مۆڵگە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەداین.

_ لە کۆتایی دا بە ناردنی سڵاو بۆ ڕۆحی بەرزو بڵیندی ئیمام خومەینی(رە) دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و بووژێنەرەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی و بنیاتنەری ڕۆژی جیھانیی قودس، لە ھەڵوێستەکانی حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی، ئاڵاھەڵگری

بەرخۆدانی ئیسلامی و پێشەنگی خەباتی دژی ڕژێمی ساختەی ئیسرائیل داکۆکی دەکەین و لەگەڵ ڕۆحی پاک و پیرۆزی شەھیدانی خۆڕاگری بە تایبەت ڕابەرانی شەھیدی خۆڕاگری سەرداری شەھید «حاج قاسم سولەیمانی» و شەھید« حاج ئەبو مەھدی موھەندیس» پەیمان گرێ د ەدەین کە بە داکۆکی لە ئارمانجەکانی قودسی پیرۆز، ڕێبازی پرشنگداریان ھەتا ڕزگار کرانی قودسی پیرۆز و مزگەوتی ئەقساو فەلەستینی خۆشەویست بەردەوام کەین.

سەرپەیڤ