کانونی دوھەم 02, 2023 05:15 Asia/Tehran
  • ئەنجامی نائومێدکەری ڕاپرسی بۆ ئەردوغان

بەپێی دوایین ڕاپرسی کە لە تورکیا ئەنجامدراوە، سەرۆکی پارتی دەسەڵاتدار لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بە ڕکابەرەکانی دەیدۆڕێنێت.

تا ئێستا هیچ ڕاپرسییەک پێشبینی ڕۆژانێکی گەشی بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشە (ئاکەپە) لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٣ دا نەکردووە.

زۆرێک لە چاودێران ئەو دۆخە ئابوورییە شڵەژاوەی ئێستای تورکیا بە سەرچاوەگرتوو لە دابەزینی بەهای لیرەی تورکی دەزانن و دواتر هەڵاوسان و بێکاری و هەژاری بە هۆکاری دابەزینی ئاستی جەماوەری و چانسی ئەردۆغان و پارتەکەی لەنێو دەنگدەران وەسف دەکەن.

بەڵام هەندێک پێیان وایە سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن و ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان و ئازادیی میدیا و ئازادیی قسەکردندا سەپێنراون، ڕۆڵیان ھەیە لە دابەزینی ئاستی جەماوەریی سەرۆک کۆماردا.

پارتی دەسەڵاتدار ئاگاداری بارودۆخی نالەباری خۆیەتی لە ڕووداوی هەڵبژاردنی داهاتوودا، بۆیە بەڵێنی ڕۆژانی باشتری خستۆتە بەرنامەی کاری خۆیەوە. بەڵام تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی بەرجەستە لە ئەنجامەکانی بەدەست هاتووی ڕاپرسییەکاندا بەدی نەکراوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی فارس لە زاری پەیمانگای توێژینەوەی میترۆپۆلەوە بڵاویکردەوە، ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا درێژبکرێتەوە بۆ خولی دووەم، ئەردۆغان ڕکابەرییەکەی دەدۆڕێنێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی میترۆپۆل، یەکێک لەم چوار کەسە: ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی کۆماری گەل، میرال ئاکشنەر، سەرۆکی پارتی باش و مەنسور یاڤاش، سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە، پێدەچێت ڕکابەری ئەردۆغان بن لە قۆناغی دووەمدا.

ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەگەر ئەم پێشبینییە بێتە دی، ئەردۆغان لە قۆناغی دووەمدا بە بەدەستهێنانی 38%ی کۆی دەنگەکانی بەرامبەر ئیمامئۆغڵو (50%) شکست دەهێنێت. کاندیدی پارتی دەسەڵاتدار بە ئەنجامی 40-45 لە بەرامبەر کلیچدارئۆغڵو دەدۆڕێت.

سەرۆکی تورکیا بە 41%ی کۆی دەنگەکان بە ئەکشنەر دەدۆڕێنێ و بە ئەنجامی 36-51 بە یاڤاش دەدۆڕێت.

بڕیارە لە ١٨ی حوزەیران هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوە بچێت. بەڵام ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت زووتر لە وادەی دیاریکراو دەنگدانەکە ئەنجام بدات. بەپێی دەستووری تورکیا، پەرلەمان و سەرۆک کۆمار دەتوانن تا 60 ڕۆژ پێش وادەی دیاریکراو هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

ماوەیەکی زۆر نەبوو لە تورکیا ڕاپۆرتێک بڵاوکرایەوە کە تێیدا پێکهێنانی ٦ هاوپەیمانی حزبی بۆ دژایەتیکردنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ڕاگەیاندرا.

پارتی داد و گەشەپێدان بە مەبەستی باشترکردنی بارودۆخی کاندیدەکەی خۆی، بەڵێنی جۆراوجۆری داوە، لە دانانی نرخی جیهانی بۆ گازی سروشتی تا بەڵێنی فڕۆکەی جەنگی بێ سەرنشین و هەروەها پەسەندکردنی یاسای جێی قەبوڵی دەنگدەران.

بۆ نموونە سێ ڕۆژ لەمەوبەر ئەردۆغان هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی و لە ڕاستیدا هەڵوەشاندنەوەی مەرجی تەمەنی کرێکاران بۆ خانەنشینیی ڕاگەیاند. زیاتر لە دوو ملیۆن کەس ملکەچی هەموارکردنەوەی ئەم یاسایەن. بە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو کەسانەشەوە، پارتی دەسەڵاتدار هیوادارە چەند ملیۆن دەنگی دیکە بەدەست بهێنێت.

 

سەرپەیڤ