درێژەی کاردانەوەکانی تورکیا بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکانی پەکەکە لە سویید
بەرپرسان و دامودەزگا حکومییەکان لە تورکیا بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە خۆپیشاندانی ئەندامان و لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سویید.
خۆپیشاندانی ئەم دواییەی ئەندامان و لایەنگرانی پەکەکە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سویید، ناڕەزایەتی توندی دەسەڵاتدارانی تورکیای بەدوای خۆیدا هێنا. لەم خۆپیشاندانانەدا لایەنگران و ئەندامانی «پارتی کرێکارانی کوردستان» پەکەکە لە کاتێک دا کە کاریکاتێری «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان»ی سەرۆککۆماری تورکیایان بەرز کردبووەوە، دروشمیان دژی حکومەتی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە ھەڵدا.
ئەم خۆپیشاندانە ڕێک لە کاتێکدایە کە سویید ھاوڕێ لەگەڵ فینلاند چەند مانگێکە هەوڵی ئەوە دەدەن ببنە ئەندامی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و تورکیاش وەک ئەندامێکی پەیمانەکە ڕەزامەند بوون بەو داخوازییەی بەستووەتەوە بە مەرجی قەدەغەکرانی چالاکییەکانی پەکەکە لە سویید و فینلاند و ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ ئەندامان و لایەنگرانی ئەم پارتە کوردییە. بە قسەی ئەنقەرە،خەمساردی و شێوازی هەڵسوکەوتی ستۆکهۆڵم و هێلسنکی هۆکاری ھەنگاوەکانی دژی ئانکارای پەکەکە لەم دوو وڵاتەدا بووە.
وەزیری دادی تورکیاش ھاوتەریب لەگەڵ ئەندامانی دیکەی حکومەتی تورکیا، خۆپیشاندانەکانی پەکەکە لە سویید دژی ئەردۆغانی بە کردەوەیەکی تیرۆریستی ناوبرد و ئەو ناڕەزایەتیانەی خۆپیشاندەرانی شەرمەزار کرد.
«بەکر بۆزداغ» وەزیری دادی تورکیا لە توییتێک دا، خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ستۆکهۆڵمی بە هێرشکردنە سەر سەرۆک کۆمارو تورکیا و نەتەوەی ئەم وڵاتە ناوبردووەو نووسیویەتی: بە توندی ئیدانەی حکومەتی سویید دەکەم کە ڕێگەی بەو کارە قێزەونە داوە.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا هەڵگرتنی داھۆڵێکی هاوشێوەی ئەردۆغان لەم خۆپیشاندانەی بە "هێرشێکی ڕقاوی" بۆ سەر سەرۆک کۆماری تورکیا وەسف کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش لەم دواییەدا وەک ناڕەزایەتی دەربڕینێک بەرامبەر بەو خۆپیشاندانانەی پەکەکە بانگهێشتی «ستیفان هێرسترۆم» باڵوێزی سوید له ئەنقەرەی کرد.
هەروەها «ئیبراهیم کالین» وتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا خۆپیشاندانەکانی پەکەکە لە ستۆکهۆڵمی بە «کردەوەیەکی ورووژێنەر» ناوبرد و وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو ناڕەزایەتیانە، داوای مامەڵەی خێرای سویدی لەگەڵ ئەم پرسە کرد.
سویدییەکان کە بۆ پەیوەست بوون بە ڕێکخراوەی «ناتۆ» ڕووبەڕووی دژایەتیی تورکیا بوونەتەوە وەک ئەندامێکی دیکەی ئەم پەیمانە سەربازییە ، لە چەند مانگی ڕابردوودا، لە دانوستان لەگەڵ ئەنقەرە، خۆیانیان پابەند کرد بە سنووردارکردنی کردەوەکانی پەکەکە و تەنانەت ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی داواکراوی ئەم پارتە.
کالین لە پەیامەکەیدا لە تویتەر، بە ئاماژەدان بەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ ستۆکهۆڵم کراوە، داوای لە حکومەتی ئەم وڵاتە کرد، لە زووترین کاتدا ڕێوشوێنی پێویست و بەبڕشتانە بەرامبەر پەکەکە بگرێتەبەر.
لەم دواییەش دا «مستەفا شێنتۆب»ی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ «ئەندرێس نۆرلین»ی هاوتا سویدیەکەی هەڵوەشاندووەتەوە. بڕیار بوو ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو (١٧ی ئەم مانگە) سەرۆکی پەرلەمانی سویید سەردانی ئەنقەرە بکات.
سەرباری تەواوی ئەو مارەنگاز بوون و خۆ توڕەکردن و ھەنگاوە کردەییانەی تورکیا لە ئاراستەی ھاندانی حکومەتی سویید بۆ بەگژدا چوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان «پەکەکە»، ھەتا ئەم چرکەیە وەڵامی ستۆکھۆڵم بۆ دەوڵەتی دادوگەشەی ئەردوغان ئەوە بووە کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو «ئۆلف کریستێرسۆن» سەرۆک وەزیرانی سویید ڕایگەیاند: وڵاتەکەی ناتوانێت هەموو داواکارییەکانی تورکیا لە پێناوی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) جێبەجێ بکات.