کانونی دوھەم 26, 2023 21:40 Asia/Tehran
  • تاوانی دەگمەنی زایۆنییەکان لە جەنین

سەربازانی ڕژێمی زایۆنی لە هێرشێکی دەگمەن دا بۆ سەر ئۆردوگای جەنین فەلەستینییەکانیان لە خاک و خوێن دا گەوزاند.

لە ماوەی ڕۆژان و حەوتەکان و مانگەکانی ڕابردوودا هێرشەکانی سوپای زایۆنی دژ بە فەلەستینییەکان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم سەرزەوینە بە تایبەت جەنین توندتر بووەتەوەو هێزە داگیرکەرەکانی قودس لە زۆر حاڵەتدا بە تەقەی ڕاستەوخۆ فەلەستینییەکان دەکەنە ئامانج.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممەی ئاژانسی هەواڵدەریی ئێران پرێس، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، شەهید بوونی ٩ فەلەستینی لەوان ژنێکی بەساڵاچووی لە هێرشی دڕندانەی سەربازانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئۆردوگای جەنین ڕاگەیاند.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ململانێی چەکدارانەی نێوان خەباتکارانی خۆڕاگری و سەربازانی ڕژێمی زایۆنی لە ئۆردوگای جەنین، ژمارێک لە سەربازانی داگیرکەری قودسیش بریندار بوونە.

سەرچاوە میدیاییەکانی ڕژێمی زایۆنی لەوان ڕۆژنامەی «یەدیعوت ئەهارۆنۆت» و کەناڵی تەلەفزیۆنیی ١٤ی ڕژیمی زایۆنی، ھەڵکشانی ژمارەی شەهیدانی فەلەستینییان ڕاگەیاند.

بە پێی ئەم سەرچاوانە لە ترسی وەڵامدانەوەی شیمانەیی بەرخۆدانی غەززە لە بەرامبەر جەنایەتەکانی ئەمڕۆی ئۆردوگای جەنین، سوپای ڕژێمی زایۆنی سیستەمی گومەزی ئاسنینی لە سنوورەکانی باشووری ناوچە داگیرکراوەکان چالاک کردووە.

هەندێک لە سەرچاوە عیبریەکان ڕایانگەیاندووە، گوایە ئامانجی ئۆپراسیۆنی ئەم دواییەی زایۆنییەکان لە جەنین ڕفاندنی یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی فەلەستین بووە.

زایۆنییەکان تەنانەت بەزەیییان بە نەخۆشخانەی جەنینیش دا نەھاتەوەو ژمارەیەک نەخۆشیان بە ھاویشتنی گازی فرمێسک ھێن بریندار کرد.

هەر لەم پێوەندییەدا، «مەی ئەلکیلە»، وەزیری تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاند کە بارودۆخی کەمپی جەنین و نێوخۆی شارەکە تەواو ئاڵۆزو شپرزەیە.

وەزیری تەندروستیی فەلەستین ڕایگەیاندووە که هێزه داگیرکەرەکانی قودس ڕێگری دەکەن له هاتنی ئامبولانسەکان بۆ ناو ئۆردوگای جەنین و فریاکەوتنی برینداران.

کابینەی تازە دامەزراوی ناتانیاهۆ، توندڕەوترین کابینە لە مێژووی ٧٥ ساڵەی ڕژێمی زایۆنیستی دێتە ئەژمارو بەشێک لە وەزیرەکانی لەوان وەزیری ئاسایشی ناوخۆ، بە ئاشکرا ڕەگەزپەرست، تیرۆریست و مرۆڤ کوژو توندئاژۆن.

لە ئێستادا دڕندایەتیی لەشکریانی ڕژێمی زایۆنی بەرامبەر بە فەلەستینییەکان گەییشتووەتە ئەوپەڕی خۆی و بە تایبەت ھێرشەکەی ئەم دواییەی سەر جەنین بە ڕادەیەک بێ بەزەییانەیە کە تەنانەت پەیامنێری سەربازیی کەناڵی زایۆنیستی «کان»یش ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنێکی نائاسایی لە جەنین بەڕێوەدەچێت.

کابینەکەی ڕژێمی خوێنمژی زایۆنی لەوە دڵنیایە کە توندوتیژییە بەربڵاوەکانی ڕووبەڕووی هیچ کاردانەوەیەکی دەرەکی نابێتەوە و تەنانەت وڵاتانی عەرەبیش خۆیان بە بەیاننامەیەکی ئیدانەکردن بەرتەسک دەکەنەوە و بە واتایەکی دیکە دەستیان ئاوەڵایە بۆ ڕشتنی خوێنی جەماوەری چەوساوەی فەلەستین.

هەرچەندە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە ڕژێمی داگیرکەر لە دژی فەلەستینییەکان ئەنجامی داوەو دەشیدات، ھیچ هەنگاوێکی ھەڵنەگرتووە و ناشیگرێت، بەڵام ئەم تاوانانە و بە تایبەت تاوانی ئەم دواییەی جەنین، تۆڵەسەندنەوەی قورسی فەلەستنینیەکان لە زایۆنییەکانی لێ دەکەوێتەوە. ئەم تاوانە ئیرادە و کۆدەنگیی فەلەستینییەکان بۆ خۆڕاگری زیاتر دەکات، ململانێی نێوان فەلەستینییەکان و زایۆنییەکان زیاتر دەبێت و زەوییە داگیرکراوەکانیش لەمەبەدوا ھەڵمەتی زیاتری خۆڕاگریی دژی داگیرکەران بە خۆیەوە دەبینێت. ئەمە لە ڕاستیدا دەرئەنجامێکی گرنگی هاتنە سەرکاری کابینەی توندڕەوی نەتانیاهۆیە لە ناوچە داگیرکراوەکاندا، واتە ھەمان بابەت کە پێشترهەندێک لە کەسایەتی و بەرپرسانی ئیسرائیلیش لە بارەیەوە هۆشدارییان دابوو.

سەرپەیڤ