نیسان 07, 2023 19:33 Asia/Tehran
  • ناتانیاھۆ لە دۆش دامانەوە بۆ داڕمان

زۆرێک لە لەشکریانی زایۆنی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی دژ بە ناتانیاهۆ ڕۆڵێکی کارایان بینی، چونکە لەو باوەڕەدان کە ئەو دەسەڵاتی هاوسەنگکردنی قەیرانی ناوچەیی و نێوخۆیی لە سەرزەوییە داگیرکراوەکان دا نییە.

کردەوەی نایاسایی، دوژمنکارانە و بێشەرمانەی ڕژێمی داگیرکەری قودس لە هێرشکردنە سەر ئۆردوگای فەلەستین لە شاری «سوور»ی لوبنان، جارێکی دیکە نەبوونی کەمترین عەقڵ و ئاوەزی لە نێو سیاسەتمەدارانی زایۆنی و بە تایبەت ناتانیاهۆ دا سەلماند.

با ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە ناتانیاهۆ ھەرلە چەندین حەوتە لەمەوبەرەوە هەوڵی دروستکردنی قەیرانی ناوچەیی دەدات بە ئامانجی کاریگەری دانان لە سەر ناڕەزایەتییە بەربڵاو و بێ وێنەکانی نێوخۆی سەرزەوییە داگیرکراوەکان.

بزوتنەوەیەی زایۆنیزمی ئایینی بە سەرۆکایەتیی «سمۆتریچ»یش پێشنیاری بە ناتانیاهۆ کردبوو کە بە زووترین کات لە ڕێگەی دروستکردنی گرژیی دەرەکییەوە، هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانە ناوخۆییەکانی تەلەبیب بدات و دواتر لە سایەی ئەو کەشوهەوایەی کە لە ئەنجامی گرژییە ناوچەییەکان دروست دەبێت، ئەو چاکسازییە دادوەرییانەی خۆی جێبەجێ بکات.

دەستپێکردنی شارۆچکەسازیی نایاسایی لە کەرتی ڕۆژئاوا، پەسەندکردنی پلانی ھەرسازکەری دەرکردنی فەلەستینییەکان لە قودس، هێرشکردنە سەر نوێژخوێنان لە مزگەوتی ئەقسا، پێداگری  لەسەر لکاندنی بەشێک لە خاکی ئۆردۆن بە سەرزەوییە داگیرکراوەکان و هێرشی بەردەوام بۆ سەر دانیشتوانی فەلەستینیش دەتوانرێ ھەر لەم ئاراستەیەدا لێک بدرێتەوە.

بێ هۆ نییە کە زۆرێک لە سەربازانی زایۆنی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی دژ بە ناتانیاهۆ ڕۆڵێکی کارایان هەبووە، چونکە پێیان وایە ناتانیاهۆ دەسەڵاتی دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان قەیرانە ناوچەیی و ناوخۆییەکان لە سەرزەوییە داگیرکراوەکاندا نییە و ئەم بێتواناییەش دەبێتە هۆی سەپێندرانی شکستێکی زۆر قورس تر بەسەر زایۆنییەکاندا. بێگومان دروستکردنی قەیرانی ناوچەیی بە ئامانجی ڕێکخستنی پەیوەندییە نێوخۆییەکان لە تەلەبیب بابەتێکی پێشینەدارە.!

بەدڵنیاییەوە هەمووان لەبیریانە کە «ئیهود ئۆلمێرت»، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ڕژێمی ساختەی ئیسرائیل، لە ساڵی ٢٠٠٦ بە ڕاوێژی کەسانی وەک «دان هالۆتس» و «عامیر پێرێتز» خۆی وتەنی هەوڵی لەناوبردنی بەرخۆدانی ئیسلامیی لوبنانی دا، بەڵام شەڕی ٣٣ ڕۆژە لە هاوینی ئەو ساڵەدا بوو بە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی بەرخۆدان و ھەروەھا خاڵی ئاشکراکەری شکست و لەناوچوونی زایۆنییەکان!

«ئۆلمێرت» کە دوای جەڵتەی مێشکی «ئاریێل شارۆن» ھاتبووە سەرکار، لە نێو حزبەکەی خۆی (کادیما) و بزوتنەوەکانی ئۆپۆزسیۆنیش دا ڕووبەڕووی دژایەتی بووەوە.

پێی وابوو بە دوورخستنەوەی حزبوڵڵا لە هاوکێشە ناوچەییەکان، دەتوانێت خۆی بکاتە سیاسەتمەدارێکی باڵادەست و بەهێز لە تەلەبیب و تەفەڕنجی  دانیشتوانی سەرزەوییە داگیرکراوەکان لەسەر ئەو قەیرانە ناوخۆییانەی کە بەهۆی گواستنەوەی دەسەڵات لە شارۆنەوە بۆ خۆی دروست بووە، کەم بکاتەوە! بەڵام دەرئەنجامی ئەو ھەڵسەنگاندنە گەمژانەیە جگە لە قرچەھەستان لە ئێسک و پروسکی ڕژێمی ناوزڕاوی زایۆنی بە ھۆی تێکۆشەرانی بە پەرۆشی خۆڕاگرییەوە هیچی تر نەبوو.

دوای ٣٣ ڕۆژ، «ئۆلمێرت» ڕووبەڕووی وێنەی تانکە تێک شکێندراوەکانی مێرکاڤا و کەلاکی سەدان سەربازی چارەڕەشی زایۆنی و سوپایەکی داڕووخاو بووەوە!

ئێستا دۆخی ناتانیاهۆ لە چاو ساڵی ٢٠٢٣ زۆر خراپترە لە دۆخی ئۆلمێرت لە ساڵی ٢٠٠٦ و دژایەتی ناوخۆیی بەرامبەر بە دەستەڵاتی ناتانیاهۆ زۆر زیاتر لە سەردەمی «ئۆلمێرت»ـە.بێجگە لەمە، ئەندامانی بەرەی خۆڕاگریش ئامادەن وانەیەکی زۆر سەخت و قەرەبوو نەکراو لە بارەی هەرجۆرە دەستدرێژی و پێشێلکارییەکی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکەدا فێری کاربەدەستانی ئەم ڕژێمە بکەن.

لە هەلومەرجێکی وادا کردەوەی وروژێنەرانەی زایۆنییەکان لە مزگەوتی ئەقسا، کەرتی ڕۆژئاوا، کەرتی غەززە، باشووری لوبنان و هتد...، ھەرهەمووی بوونەتە هۆکارێک کە ڕەوتی خۆسڕینەوەی یەکجارییان لە ناوچەکەدا خێراتر دەکەن.

سەرپەیڤ