فەلەستین چڕگەی یەکڕیزی و یەکگرتنی شێعە و سوننەیە
ڕەنگە، لە مێژووی زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵی ئیسلامدا، ھەتا ئەمڕۆ، هیچ پرسێک نەیتوانی بێت بە ئەندازەی فەلەستین یەکڕیزی و یەکگرتن لە نێوان شێعە و سوننە مسۆگەر بکات، پرسێک کە بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بوو بە خاڵی هاوبەش و یەکانگیربوونی ئایینزا جۆربەجۆرەکانی ئیسلام.
بە تێڕوانین بۆ ئەو هەلومەرجەی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ناوچەکەدا ھاتووەتە ئاراوە، بە تایبەت یەکگرتوویی ھەڵوێستەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە لایەن گرووپەکانی خۆڕاگریی شیعە و سوننە، دەتوانین ڕۆژلەدوای ڕۆژ زیاتر هیوامان بە ڕوخان و داڕمانی ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی ھەیێت. هەرچەندە لەماوەی دووساڵ و نیوی ڕابردوودا، بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە ھێندێک جوڵەیان بۆ خۆنزیک کردنەوە لە تەلەبیب نیشان داوە ، بەڵام ئەو کارانە لەلایەن خەڵکی ئەو چەند وڵاتەو وڵاتانی دیکەی ئیسلامییەوە داکۆکیان لێ نەکراو بگرە بەپێچەوانەشەوە موسڵمانانی جیھان بۆ لەنێوبردنی ڕژێم داگیرکەری زایۆنی بە ئاراستەیەکی باش دا دەڕۆن و یەکیان گرتووە.
لەم ساڵانەی دواییدا دوژمنانی ئیسلام هەمیشە بە دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان ئایینە جۆربەجۆرەکانی ئیسلامیدا هەوڵیان داوە پێش بە یەکڕیزیی نێوان موسڵمانان بگرن و پلانی دوژمنانی وەک ئینگلتەرا، ئەمریکا، فەرەنسا و ڕژێمی زایۆنی پووچەڵ کراوەتەوە.
یەکێک لەو بابەتانەی کە توانی موسڵمانان کۆبکاتەوە و یەکیان بخات، پرسی قودس و فەلەستین بوو. دیاریکرانی ڕۆژی قودس لە لایەن ئیمام خومەینی (رە) دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ١٦ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی کۆچیی ھەتاوی بوو بە دەستپێکێک بۆ یەکگرتنی موسڵمانان و پەرۆشییە ھاوبەشەکەیان.
ئیمام خومەینی (رە) لە ١٣مین ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی ساڵی ١٣٩٩ی کۆچیی ھەتاوی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی موسڵمانانی جیهانی کردبوو، ڕایگەیاند: ساڵانێکی زۆرە موسڵمانانم لە مەترسیی ئیسرائیلی داگیرکەر ئاگادار کردووەتەوە، ئەوەتا لە ئێستاداو ئەم ڕۆژانە هێرشی دڕندەکارانەی خۆیان دژبە خوشک و برا فەلەستینیەکان چڕتر کردووەتەوە. ھەربۆیە
داوا لە هەموو موسڵمانانی جیهان و حکومەتە ئیسلامیەکان دەکەم یەکبگرن بۆ کورتکردنەوەی دەستی ئەم داگیرکەرەو لایەنگرانی، هەروەها بانگهێشتی هەموو موسڵمانانی جیهان دەکەم کە دوایین هەینیی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز کە یەکێکە لە ڕۆژانی قەدر و بۆی ھەیە دیاری کەری چارەنووسی گەلی فەلەستینیش بێت، وەکو «ڕۆژی قودس» ناودێری بکەن و لە ڕێ و ڕەسمێکدا هاودەنگیی نێودەوڵەتی موسڵمانان بۆ پشتیوانی لە مافە یاساییەکانی گەلی موسڵمانی فەلەستین ڕابگەیەنن. لە خوداوەندی مەزن داوای سەرکەوتنی موسڵمانان بەسەر ئەهلی کوفردا دەکەم.
ھەر ئەم پەیامەی ئیمام خومەینی(رە) بووبە سەرەتایەک بۆ یەکڕیزی و یەکانگیربوونی شیعە و سوننە لەسەر پرسی فەلەستین و بابەتەکانی ترو دەرگای یەکگرتنی نێوان شێعەو سوننەی کردەوە تا ئەو ڕادەیەی کە لەم ڕۆژانەدا خەباتکارانی حیزبوڵڵای شیعە و حەماس و جیهادی ئیسلامیی سوننەو گروپەکانی تری عێراقی، ئەفغانی، پاکستانی و وڵاتانی دیکەی جیهانی ئیسلام ھەرهەموویان یەکیان گرتووەو ئەمەش ھەمان بابەتە کە خودی زایونییەکانیش دانی پیادا دەنێن.
لەم چوارچێوەیەدا ژەنەراڵێکی دیاری زایۆنی بە ناوی «ئامۆس گیلعاد» دانی بە پرسی یەکگرتنی نێوان شێعە و سوننە لە پرسی فەلەستیندا ناوەو جەختی لەوە کردووەتەوە کە «ئەمڕۆ ئێمە شایەتی پێکهاتنی یەکڕیزیی نێوان سوننەو شێعەین بە مەبەستی گەییشتن بە ئامانجی لەناوبردنی ئیسرائیل».
جگە لە یەکگرتنی گروپە خۆڕاگرەکانی شێعەو سوننە لە ناوچەکەدا لەسەر پرسی فەلەستین کە هەم لەلایەن دۆست و هەم دوژمنەوە دانی پێدا دەنرێت، ئەو هەلومەرجەی کە لەم دواییانە لە ناوچەکەدا دروست بووە سەبارەت بە لێک نزیک بوونەوەی ڕیاز – تاران و ئەگەری کۆتایی ھاتنی شەڕی یەمەنیش کە لەگەڵ گۆڕدرانی ھەڵوێستەکانی ڕیاز خەریکە وەدی دێت، چەسپێندرانی ئاشتی و چارەسەرکرانی ناکۆکییەکانی نێوان موسڵمانان و گشتگیربوونی وا دەردخات کە لەم ڕەوت و ئاراستەیەدا نوکی ڕمەکان سێرەیان بۆ دوژمنی هاوبەش یان ھەمان ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی گرتووەو ئەمەش بە یارمەتیی خودا ڕەوتی ڕووخان و داڕمانەکەی خێراتر دەکاتەوە.