لـە «بــــەحــــر»ەوە ھەتاکو «نـــــەھــــــر»
ڕۆژی جیھانیی قودس، ڕۆژی تازەکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ قیبلەی یەکەمی موسڵمانانی جیھان و ھێمای ڕاپەڕین و بەرخۆدان لە پێناوی ئاشتی و ئازادی، ڕۆژی نەڕاندن بەسەر ستەمکارانی مێژووە و جێلەق کردنی کۆڵەکە سستەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایونی، ڕۆژی چەسپاندنی جوگرافیای سەرزەوینێکی زەوت کراوە ھەرلە «بەحر»ەوە ھەتاکو «نەھر».
ڕووگەو قیبلەی یەکەم و دووھەمین حەرەمی موسڵمانانی جیھان نیشتیمانی ملوێنان ئاوارەی فەلەستینییە کە ئیستیکباری جیھانی ئەو سەرزەوینەی لە دەستی دانیشتووە سەرەکییەکانی دەرھێناوەو خستوویەتییە ژێر پۆستاڵی ھێزە داگیرکەرکانەوە. ھەر لە ھەمان ساڵانی سەرەتای داگیرکرانی ئەم پارچەیەی جیھانی ئیسلام بە بەرخۆدانی فەلەستینییەکان و ناڕەزامەندی دەربڕینی موسڵمانان و مرۆڤە بیرئازادەکانی دیکەی جیھان، بزوتنەوەی بەربەرەکانی لەگەڵ ڕژێمی زایونی و لایەنگری لە فەلەستینی زۆرلێکراو پێک ھات.
بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی گەلی موسڵمانی ئێران بەتایبەت لە پاش دەرکرانی پەیامە مێژووییەکەی ئیمام خومەینی(رە) لە ساڵی ١٣٥٨ ی کۆچیی ھەتاوی دا سەبارەت بە ناودێرکردنی دوایین ھەینیی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز وەکوو ڕۆژی جیھانیی قودس، پرسی ڕزگارکرانی فەلەستین لە ژێر پۆستاڵی داگیرکەرانی قودسی پیرۆز بوو بە سەردێڕی ئامانجەکانی ئەم ڕابەرە بەجەربەزەیەی ئوممەتی ئیسلامی . لەم ڕووەوە ھەموو ساڵێک ڕۆژی قودس بوو بە ڕۆژی ھاوار کردن و نەڕاندن بەسەر ستەمکارانی مێژوو و جێلەق کردنی کۆڵەکە سستەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایونی و بەرز بوونەوەی نەعرەتەی شێرانەی ئەندامانی کۆمەڵگای ئیسلامی لە ھەمبەر ئەوانەی وا دەستیان تێکەڵ بەخوێنی موسڵمانان و سەرجەم بیرئازادان و گەلانی سەربەستی دنیا کردووە.
ئەمساڵیش لە سەردابی ساڵانی ڕابردوو لە دوایین ھەینیی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بەدەم ھەڵھاتنی کازیوەی بەیانی سەرتاسەری جیھان بە پەیڕەوی لەو ھەڵوێستە بوێرانەیەی ئیمامی کۆچکردوو دەبێتە دەریایەکی خرۆشاوو تەخت و بەختی فیرعەون و فیرعەونییەکان تێک دەدات و میچی کۆشکە دەستکردو خەیاڵییەکەیان بەسەردا دەڕووخێنێ. بەتایبەت کە ئەمساڵ پیلانێکی چەپەڵتر ھاتووەتە کایەوەو ئەویش توندبوونەوەی ڕەوتی قەڵاچۆی موسڵمانانی فەلەستین و ھێرشی بەردەوام بۆ سەر مزگەوتی پیرۆزی ئەقسایە.
ڕۆژی جیھانیی قودس ڕۆژی تازەکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ قیبلەی یەکەمی موسڵمانانی جیھان و ھێمای ڕاپەڕین و بەرخۆدان لە پێناوی ئاشتی و ئازادی، ڕۆژی چەسپاندنی جوگرافیای سەرزەوینێکی زەوت کراوە ھەرلە «بەحر»ەوە ھەتاکو «نەھر».