ھەڵکشانی 75% ئاماری خۆکوشتن لەنێو چینی لاوانی کۆمەڵگەی زایۆنی
سەرچاوەکانی عیبری زمان لە ڕاپۆرتێکدا دانیان بەوەدا ناوە کە ڕێژەو ئاماری خۆکوشتن لە نێو زایۆنییەکان و بە تایبەت لە نێو چینی لاودا لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی یەکجار زۆر ھەڵکشاوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی فەرمیی کنێست (پەرلەمانی ڕژێمی زایۆنیستی)، ئیسرائیل ساڵانە ٥٠٠ حاڵەتی خۆکوژی تۆمار دەکات، لەو ژمارەیەش ١٠٠ حاڵەت لە نێو نەوەی گەنجی تەمەن ١٥ بۆ ٢٤ ساڵدا ڕوودەدات و خۆکوشتنیش هۆکاری دووەمی مردن بۆ ئەم گروپە تەمەنییەیە کە لە سوپا داگیرکەردا خزمەت دەکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی میهر، ڕۆژنامەی یەدیعوت ئاحارۆنۆت لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: ڕێژەو ئاماریی خۆکوشتن لە نێو چینی تەمەن ١٥ بۆ ٢٤ ساڵ لە ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٦ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ بە ڕێژەی ٧٥% زیادی کردووە.
ئەم ڕۆژنامە عیبرییە ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا ئامارێکی وردی لەبارەی ژمارەی خۆکوشتنی ئیسرائیلییەکان لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ دەست نەکەوتووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ڕێژەی خۆکوشتن لە ناوچە داگیرکراوەکان دەرئەنجامی چەندین قەیرانی زاڵ بوو بە سەر ئەم کۆمەڵگا زایۆنییەیە.
کردەوەی سیاسەتمەدارانی زایۆنی، قەیرانی ناسنامە، دابەشبوونی توندی چینایەتی و کێشە ئابوورییەکان لەو هۆکارانەن کە لە ساڵانی ڕابردوودا کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ھەڵکشانی ژمارەی خۆکوژییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا هەبووە.
پێشتریش کاربەدەستان و میدیاکانی ڕژێمی زایۆنی باسی زیادبوونی ترسناکی خۆکوژی لە نێو لەشکریانی ئەم ڕژیمەدا کردبوو.