حوزه‌یران 16, 2023 22:23 Asia/Tehran

ئەندامێکی باڵای بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس) ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی خۆڕاگری لەگەڵ زایونییە داگیرکەرەکانی لە میانەی هەر هێرشێکدا بۆ سەر کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئۆردۆن بە نیشانەی دەسکراوەیی ڕەوتی خۆڕاگری زانی.

«عەلی بەرەکە» ئەندامی سەرکردایەتیی بزوتنەوەی حەماس لە ھەندەران، ئەمڕۆ (هەینی) ڕایگەیاند: سەرەڕای تاوانە خوێناوییەکانی ڕژێمی زایۆنی دژی فەلەستینییەکان، لەوانە سیاسەتی خاپوورکردنی ماڵی بنەماڵەی شەهیدان،هێزەکانی بەرخۆدان لە سەر خەباتی چالاکانەیان بەردەوامن و ھەتا دواھەناسە لە هەموو شار و ئۆردوگایەک دا ڕووبەڕووی داگیرکەرانی زایۆنی دەبنەوە.

بەرەکە وتیشی: درێژەدان بە چالاکیی خەبات و خۆڕاگری لە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستین لە چوارچێوەی مافی گەلی فەلەستین بۆ بەرگری لە خۆی و خاکەکەی و پیرۆزایەتییەکانی و لە کاردانەوە بەرامبەر بە دەستدرێژکاریی داگیرکەرانی زایۆنی لە دژی گەلی فەلەستین لە بەیتولموقەددەس و مزگەوتی ئەقسا ئەنجام دەگرێت.

ئەم کاربەدەستە باڵایەی حەماس ئاماژەی بەوەش دا کە بەرخۆدان ڕەوایەتی و شەرعیەتی خۆی لە هەموو میساق و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و ئایینە ئاسمانییەکان وەرگرتووەو لەلایەن فەلەستینییەکانی ناوخۆو دەرەوە پشتگیریی لێ دەکرێت.

هەواڵێکی دیکە دەربڕی ئەوەیە کە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هێزە زایۆنییەکان هەڵیانکوتایە سەر گوندی «یەتما» لە باشووری نابلوس و چەندین فەلەستینییان دەستبەسەر کرد.

لەشکریانی زایونی هەروەها ھێرشیان کردە سەر  شارۆچکەی «بەیتا» لە باشووری نابلوسیش و چەندین ماڵی فەلەستینییەکانیان پشکنی و لەم ھێرشانەدا گەنجانی فەلەستینی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی ڕۆژئاوا لەگەڵ زایۆنیستەکان تێکهەڵچوون و بەردو کۆکتێل مۆلۆتۆڤیان تێ گرتن.

لەمیانەی هێرشی هێزەکانی زایۆنی بۆ سەر ناوچەی«بەیت ئامر» لەشاری ئەلخەلیل،«ئیھاب ئەلعەلامی» پەیامنێری کەناڵی «قودس فید» بریندار بوو. ئەم پەیامنێرە فەلەستینییە دوای ئەوەی ڕانی بەرگولەی زایونییەکان کەوت گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانە. لەشکریانی ڕژێمی زایونی بەرلەمەش چەندین پەیامنێری فەلەستینی و بیانییان بریندارو یان شەھید کردبوو.

سەرەڕای ئەو تاوانە بەردەوامانەی کە زایۆنیستەکان لە دژی گەلی فەلەستین ئەنجامیان دا، هەزاران فەلەستینی دانیشتووی قودس و ناوچە داگیرکراوەکانی ساڵی ١٩٤٨ و کەرتی ڕۆژئاوا لە جەنگەی ڕێوشوێنە ئەمنییە توندەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی خۆیانیان گەیاندە مزگەوتی ئەقسا و نوێژی بەیانیان لە کەشێکی ڕۆحی دا بەجێ ھێنا.

فەلەستینییەکان دوای نوێژی بەیانی لەم شوێنە پیرۆزەدا ئیعتیکافیان کردو خەریکی ڕازونیازو نیایش بوون.

بارودۆخی ئەم ڕۆژانەی سەرزەوییە داگیرکراوەکان و بە دیاریکراوی لە کەرتی ڕۆژئاوا گەلێک تایبەتییەو خەباتکارانی فەلەستینی لە ھەر ڕێگایەکەوە پێیان بکرێت وەڵامی دڕندەکارییە  بێ ئەژمارەکانی زایونییەکان دەدەنەوەو ھەر ئەمەش ھەل و مەرجێکی دەگمەنی بۆ زایونییە داگیرکەرەکان پێک ھێناوە.

سەرپەیڤ