ته‌مووز 20, 2023 15:10 Asia/Tehran
  • هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی سویید لە بەغدا؛ دەرەنجامی سوکایەتی کردن بە پیرۆزایەتییە ئیسلامییەکانە

ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانی توڕەی عێراق لە کاردانەوە بە سووکایەتیی گەڵاڵەبۆکراو بە قورئانی پیرۆز لە سویید هەڵیانکوتایە سەر باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە درێژەی توڕەیی گشتی لە دژی حکومەتی سویید، خۆپیشاندەران لە عێراق ئاگریان لە باڵوێززخانەی سویید لە بەغدا بەردا و هێرشیان کردە سەر بارەگاکەی.

دیارە هێرشکردنە سەر شوێنە دیپلۆماسییەکان نایاساییە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، چونکە شوێنە دیپلۆماسییەکان خاکی ئەو وڵاتەن کە خاوەنی ئەو شوێنانەن، هەروەها وڵاتی میوانداریش بەرپرسیارە لە پاراستنی. هەر بەو هۆیەشەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردەوەی خۆپیشاندەرانی لە هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی سویید ئیدانە کردووە.

بەڵام هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی سویید لە بەغدا بەهۆی سووکایەتیکردنی دووبارە بە قورئانی پیرۆز لە سوید بووە. هێرشەکردنە سەر باڵوێزخانەی سویید لە عێراق دوابەدوای توڕەیی گشتی لە دژی ئەو وڵاتە لەبەر دەرکردنی مۆڵەتی سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکان و بەتایبەتی قورئانی پیرۆز ئەنجامی گرتووە.

لە ٢٨ی ژوئەن ، توندڕەوێکی سوییدی بە ناوی «سالیڤان مۆمیکا» بە مۆڵەتی پۆلیسی سویید، لاپەڕەکانی قورئانی پیرۆزی دڕاندو لەبەردەم نزیکەی ٢٠٠ کەسدا ئاگری تێبەردا. پێشتر پۆلیسی سویید ڕایگەیاندبوو کە مۆڵەتی خۆپێشاندانی ئەو کەسانەیان داوە کە دەیانەوێت کۆپیەکی قورئانی پیرۆز لە بەردەم مزگەوتی سەرەکی شاری ستۆکهۆڵم لە یەکەم ڕۆژەکانی جەژنی قورباندا بسوتێنن. دوای ئەم کارە کە بە هۆی سووکایەتیکردن بە کتێبی پیرۆز و مافە ئایینیەکانی موسڵمانان دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەھاتە ئەژمار، حکومەتی سویدیش بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم کارە لە چوارچێوەی ئازادیی زاڵ بوو بەسەرئەم وڵاتەدا ئەنجام دراوە.

دوای ئەم بانگەشەیە، ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، لە پەیامێکدا کە ئاراستەی «ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش» سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد سەبارەت بە سوکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز و مۆڵەتی حکومەتی سویید، وتی: ڕێزگرتن لە ئازادیی ڕادەربڕین ناتوانێت پاسایەک بۆ پشتگیری لەم ڕەفتارە قیزەون و پڕکێشانەیە بێت کە بە ئاشکرا ھەستی زیاتر لە دوو ملیار موسڵمان لە ئاستی جیهاندا ، دەڕووشێنێ.

ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم باڵوێزخانەی سویید لە بەغدا ڕوویدا، دەرئەنجام و ئاکامی کردەوەی قێزەونی ئەو هاووڵاتییە توندڕەوەی سوییدی و هەروەها پشتگیریی حکومەتی سوید لە سوکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز بوو. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئایین یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی ناسنامەی وڵاتان لە هەموو سەردەمێکدا بە سەردەمی ئێستاشەوە و پەیڕەوانی هەر ئایینێک قبوڵ ناکەن سوکایەتی بە کتێبە پیرۆزەکانیان بکرێت. ئەم بابەتە ئەوەندە گرنگە کە لە بەڵگەنامە گرنگەکانی یاسای نێودەوڵەتیدا، ڕێزگرتن لە مافی کەمینە ئایینییەکان وەک یەکێک لە ئەرکەکانی حکومەتەکان جەختی لەسەر کراوەتەوە.

بێ گومان کردەوەکانی وەک سوکایەتیکردن بە کتێبە پیرۆزەکان و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکانیش کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان هەیە، چونکە هەر وڵاتێک ئەویتر تۆمەتبار دەکات بەوەی کە ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە. بێگومان ئەوەی لە سویید سەبارەت بە سوکایەتی کردن بە قورئانی پیرۆز کرا کەمتەرخەمی نەبوو، بەڵکو ھەر ڕێک بە پاڵپشتیی پۆلیسی ئەو وڵاتە ئەنجام درا. بۆیە یەکێک لە بەرپرسانی نووسینگەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵدەریی ئەلیومی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە: ئەگەر سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لە سویید دووبارە ببێتەوە، ئەوا ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ستۆکهۆڵم دا ڕادەگرین.

سەرپەیڤ