شوبات 17, 2024 12:35 Asia/Tehran

پەلامارە دژە مرۆییەکانی داگیرکەرانی زایۆنی بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەو لێواری رۆژاوا لەکاتێکدا ئەمڕۆ چۆتەنێو سەد وسی و سێیەمین رۆژیەوە، کە بوردومانی ناوچە جیاجیاکانی غەززە بەتایبەت "دەیرولبەلەح"، "خان یونس" و ڕەفەح هەروا بەردەوامە، بەچەشنێک کە ٢٤کاتژمێری ڕابردوو، شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان کەس لە فەلەستینیەکانی لێکەوتووەتەوە.

لە درێژەی پەلامارەکانی رژیمی زایۆنی بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی غەززە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو رژیمە، ناوچە جۆربەجۆرەکانی باشوری غەززەیان بەقورسی بوردومان کرد.

میدیا فەلەستینیەکانیش ڕاپۆریان داوە، تەنیا لە٢٤کاتژمێردا، سوپای رژیمی داگیرکەر دە تاوانی لەدژ دانیشتووانی غەززە ئەنجام داوە کە شەهیدبوونی١١٢فەلەستینی و برینداربوونی١٥٧کەسی دیکەی لێکەوتووەتەوە.

هێرش بۆسەر نەخۆشخانەی ناسر لە خان یونس و بڕانی ئۆکسیژن لەو نەخۆشخانە، گیانی لانیکەم چوار نەخۆشی فەلەستینی گرتووە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە ژمارێکی زۆر لە کۆرپەڵە لەدایکبووەکان کە لە بەشی ئاگادارییە تایبەتیەکانی ئەو نەخۆشخانەیە ڕادەگیرێن، بەرەوڕووی مەترسیی مردنن.

کۆمەڵەی مانگی سوری فەلەستینیش دەڵێ؛ چەکدارانی زایۆنی بیست کەس لە فەرمانبەرانی پزشکی و ئیداری وهەروەها نەخۆشانی نەخۆشخانەی "ئەمەل"یان لە خان یونس رفاندووە.

رژیمی زایۆنیستی هەروەها پێش دەگرن بە هاتنی کەرەستە پزشکییەکان و دەواو دەرمان بۆناو ناوچەی گەمارۆدراوی غەززە.

تانکەکانی رژیمی داگیرکەر، نهۆمی دووەمی نەخۆشخانەی ئەمەل لە خان یونسیشیان داوەتە بەر دەسڕێژ. لە هێرشی داگیرکەران بۆسەر شوێنی کۆبوونەوەی شارومەندانی فەلەستینی لە قوتابخانەی "تەییبە" لە رۆژهەڵاتی خان یونس، دوو کەس شەهیدو چەند کەسی دیکە بریندار بوون.

لەلایەکی دیکەوە، تێکهەڵچوونی هێزە خۆراگرە فەلەستینیەکان لەگەڵ چەکدارانی زایۆنی لە غەززە بەردەوامە. میدیاکانی رژیمی زایۆنیستی رایانگەیاند، لە کەمتر لە٢٤کاتژمێر لە جەنگەی شەڕەکانی خان یونسدا، دوو چەکداری ئیسرائیلی کوژران و پانزە کەسیش بریندار بوون و ئێستا ژماری کوژراوانی سوپای رژیمی داگیرکەر لە غەززە بۆ٥٧٢کەس زیادی کردووە. میدیا زایۆنییەکان هەروەها دان دەنێن بە شکست هێنان لەهەمبەر حەماس و دەڵێن، لەناوبردنی حەماس، ئامانجێکی دور لەراستییە لەداهاتووی نزیکدا.

حیزبوڵڵای لوبنانیش ئەمڕۆ بەدەرکردنی بەیاننامەی جیاجیا رایگەیاند، دە سەربازگەی سوپای رژیمی زایۆنی پێکاوە.

سەرپەیڤ