تشرینی یه‌که‌م 03, 2024 08:45 Asia/Tehran
  •  خۆشحاڵیی خەڵکی وڵاتانی جۆربەجۆر پاش هەڵمەتی مووشەکیی ئێڕان بۆسەر سەرزەوینە داگیرکراوەکان

لە دوێشەوێوە و پاش هەڵمەتی ئێران بۆسەر سەرزەوینە داگیرکراوەکان، شەپۆلێکی شادمانی رووی کردۆتە خەڵکی وڵاتانی جۆربەجۆر

کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش خولێک دانبەخۆداگرتن لەهەمبەر پێشێلکرانی سەروەرییەکەی و هەروەها ترۆری شەهیدان ئیسماعیل هەنیە، سەیید حەسەن نەسروڵڵا، سەرلەشکر، سەید عەبباس نیلفروشان و قەڵاچۆی ژنان و منداڵانی بێتاوانی فەلەستین و لوبنان لەلایەن رژیمی زایۆنییەوە، بەپێی مافی وڵات لە بەرەڤانیی ڕەوا لە خۆی، لە هەڵمەتی وەعدەی سادقی ٢ بە سەدان مووشەکی بالستیکی گرتە سەرزەوینە داگیرکراوەکانی فەلەستین. هاوکات لەگەڵ دەسپێبوونی ئەو هێرشە مووشەکییە سەرکەوتووانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر سەرزەوینە داگیرکراوەکان، جگە لەوەی لە شار و ئاواییەکانی ئێران دوێشەو خەڵک هاتنەسەر شەقام و بەدەربڕینی شادمانی، ئەو سەرکەوتنەیان لە هێزە چەکدارەکانی وڵات پیرۆز کرد. لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهانیش لایەنگرانی خەڵکی فەلەستین و لوبنان هاتنەسەر شەقامەکان و ئەو سەرکەوتنەیان کردە جێژن.

جێژنی پاکستانییەکان بۆ پشتگریی لە هێرشی مووشەکیی ئێران بەدژ ئیسرائیل، بەئامادەبوونی دوکتور سابیر ئەبوومەریەم سکرتێری گشتیی ناوەندی فەلەستینی پاکستان، محەممەد حوسین مێحنەتی، سەرۆکی جەماعەتی ئیسلامی لە سێند، سەید عەقیل ئەنجوم یاریدەری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زانایانی دینیی پاکستان و کەسایەتییەکانی دیکە لە شەقامی محەممەدعەلی جەناح، شەقامی سەرەکیی کەراچی پاکستان بەڕێوە چوو.

موسڵمانانی هیندیش بە بیستنی هەواڵی هێرشی مووشەکیی ئێران بۆسەر سەرزەوینە داگیرکراوەکان، هاتنەسەر شەقام و خۆشحاڵیان دەربڕی. خەڵکی شارە جۆربەجۆرەکانی عێراقیش هاوکات لەگەڵ ئەو هەڵمەتەی سپا بۆسەر خاکی داگیرکراوی فەلەستین هاتنەسەر شەقام و ئەو سەرکەوتنەیان کردە جێژن ودەسخۆشیان کرد لە هێزی سەربازیی ئێران.

لایەنگرانی فەلەستین لە بەرلینی پایتەختی ئاڵمانیش هاتنەسەر شەقام و هەڵمەتی مووشەکیی قورسی سپای پاسداران بۆسەر رژیمی زایۆنیان کردە جەژن.

هاوکات لەگەڵ خەڵکی غەززەو لێواری رۆژاوای چۆمی ئوردون، منداڵانی غەززەش دەستیان کرد بە خۆشی و شادمانی. لە شارە جۆربەجۆرەکانی سوریاش خەڵکی ئەو وڵاتە هەرکە هەواڵی هێرشی مووشەکیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بۆسەر سەرزەوینە داگیرکراوەکانیان بیست، ئەو سەرکەوتنەیان کردە جەژن و شایی. هەروەها خەڵکی لوبنانیش لە شارە جۆربەجۆرەکان وێڕای تەماشاکردنی مووشەکبارانی زایۆنییەکان، ئەو هێرشەی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانیان کردە جەژن. لە تورکیا، ئوردون و وڵاتانی عەرەبیی دیکەش لایەنگرانی فەلەستین ئەو هێرشەی سەر زایۆنییەکانیان بە سەرکەوتنی بەرەی خۆڕاگریی لەقەڵەم داو دەستیان کرد بە جەژن و شادمانیی.

سەرپەیڤ