دوارەوشی کەرتی غەززە، باشوری لوبنان و سەرزەوینە داگیرکراوەکان
پەلامارە ئاسمانییەکانی ڕژیمی زایۆنی دوێشەو و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بۆسەر لوبنان و کەرتی غەززە لەکاتێکدا درێژەی بوو کە گرووپە خۆڕاگرەکانی فەلەستین و لوبنان و هەروەها خۆڕاگریی ئیسلامیی عێراقیش، هەڵمەتی بەرفراوانیان بەدژ ڕژیمی زایۆنی و سوپای ترۆر ئەنجام داو، زەبری قورسیان لە زایۆنییەکان دا.
روانگەی میدیاکان سەبارەت بە دەسدرێژکاریی ڕژیمی زایۆنی بۆسەر غەززەو لوبنان لە شەوی ڕابردوو-وە تا بەئەمڕۆ پێشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەگەرچی سوپای ترۆر بەدژ خەڵکی لوبنان و غەززە درێژەی بووە، بەڵام گرووپە خۆڕاگرە لوبنانی، فەلەستینی وعێراقییەکان لە بەرە جۆربەجۆرەکاندا بە هێرشکردنەسەر شارۆچکە زایۆنی نیشتنەکان و بنکەو پێگەکانی سوپای ترۆر، زەبری قورس و کارییان لەوان دا.
حیزبوڵڵای لوبنان ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پێگەی "گلیلوت" سەربە یەکەی هەواڵگریی سەربازیی ژمارە ٨٢٠٠ ی ڕژیمی زایۆنی لە گردووپەڕی تەلاویڤ مووشەکباران کردووە. "یەکەی سەربازیی ٨٢٠٠" سەرکردایەتی شەڕگەلی سایبری ڕژیمی ئیسرائیلی لەئەستۆیە. ئەو یەکە، نەک هەر گەورەترین یەکەی هەواڵگریی ڕژیمی ئیسرائیلە، بەڵکوو یەکێ لە گرینگترین یەکە هەواڵگرییەکانی جیهانیش دێتەئەژمار. بزووتنەوەی حیزبوڵڵا پێی داگرت، خەباتکارانی خۆڕاگریی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە پێگەی گلیلوتی مووشەکباران کردووە. حیزبوڵڵای لوبنان هەروەها ئەمڕۆ چەند شارۆچکەی زایۆنی نشینی لەباکوری فەلەستینی داگیرکراو بەئامانج گرت.
خۆڕاگریی لوبنان لە درێژەی هەڵمەتەکانی ئەمڕۆ شەممەیدا، هەروەها ڕایگەیاند، هێرشی کردۆتەسەر چەند پێگەی گرینگی ڕژیمی زایۆنی. بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیسنا، خۆڕاگریی لوبنان ئەمڕۆ ڕایگەیاند، بە چەند خۆفڕی خۆتەقین، پێگەی ئاسمانیی "پالماخیم" (ناوەندی توێژینەوە سەربازیی و ڕادارییەکانی سیستەمی ختس)ی لەباشوری تەلاویڤ بە وردیی کردۆتەئامانج.
خۆڕاگریی لوبنان ڕاشیگەیاند: ئەو هێرشە لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی خەیبەردا ئەنجامی گرت. خۆڕاگریی لوبنان هەروەها بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی دیکە ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێگەی پیشەسازییە سەربازییەکانی "زوفولون"ی لەباکوری حەیفا بەچەندین مووشەک و لەچوارچێوەی هەڵمەتی خەیبەری دوودا، پێکا. هەرلەو بارەوە، میدیاکانی ڕژیمی زایۆنی ڕایانگەیاند، لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە تائێستا چل مووشەک لە لوبنانەوە گیراوەتە "قووڵایی یەزراعیل"، "ئەلکریوت" و "کەنداوی حەیفا".
میدیا زایۆنییەکان بەگێڕانەوە لە بەرپرسانی خۆجێی شاری داگیرکراو حەیفا جەختیان کرد، حیزبوڵڵای لوبنان، هەڕەشەکانی لەمەڕ ئەوەی کە "ئەوەی وا لە کریات شمونەدا ڕووی دا، لە حەیفاش روو دەدا"ی جێبەجێ کرد. ئەو بەرپرسانە هەروەها وتیان کە حیزبوڵڵا، حەیفای مووشەکباران کردو خەڵکەکانی ناردە پەناگاکان. ئەو کاربەدەستە خۆجێیانە هەروەها رایانگەیاند، ناوچە جیاجیاکانی حەیفا، چۆڵ کراوەو زایۆنییەکان بێهوان و لە دۆخێکی پڕ لەترس و سەرلێشێواوییدان.
گوردانەکانی شەهیدانی ئەقسا ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ترۆمبیلە سەربازییەکانی ڕژیمی زایۆنی کە کنەیان کردبۆ نێو باکوری ئوردوگای نوسەیرات، بە مووشەکی کورت مەودا کردەئامانج. میدیا زایۆنییەکان هەروەها ڕایانگەیاند، سەربازێک سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە کەرتی غەززە کوژراو ژماری کوژراوانی ڕژیمی زایۆنی لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ-وە تائێستا لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە سێ کەس.
گوردانەکانی قەسامیش ڕایگەیاند، دوو شۆڤڵی سەربازی جۆری دی نۆی لەباکوری غەززە بە رۆکێتی یاسینی ١٠٥ پێکاوەو چەند کوژراو و برینداری لەنێو هێزەکانی سوپای ڕژیمی ترۆردا لێکەوتووەتەوە. گوردانەکانی شەهید عیزەدین قەسام لقی سەربازیی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین(حەماس) یش پێی داگرت؛ خەباتکارانی ئەو گرووپەی خۆڕاگریی، ماڵێکیان لە ناوچەی "قەساسیم" لە ئوردوگای جەبالیا هەڵکەوتوو لە باکوری کەرتی غەززە بە رۆکێتی ئار پی جی کردە ئامانج کە ١٢ سەربازی داگیرکەری زایۆنی تێیدا خۆیان شاردبۆوە و تێکڕای ١٢ زایۆنییە کوژران و بریندار بوون.
بەپێی هەواڵێکی دیکە، هێزەکانی ڕژیمی زایۆنی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە جگە لە هێرشکردنەسەر ناوچە جیاجیاکانی رۆخی خۆراوا، پەلاماری ئوردوگای "بەلاتە"یان دا لە شاری نابلۆس هەڵکەوتوو لە لێواری رۆژاوا و بەرەوڕووی خۆڕاگریی فەلەستین بوونەوە.
بەپێی ڕاپۆری میدیاکان پاش دزەی هێزی تایبەتی ڕژیمی زایۆنی بۆسەر ئوردوگای بەلاتە، شەڕ و پێکدادانی چەکدارانە ڕووی دا هەتا بەو جێگە کە هێزە تایبەتەکان داوایان لە سوپا کرد، بڕی کەرەستەو چەکەمەنی زیاتر بکا.
سوپای زایۆنی، گەنجێکی فەلەستینی لەو ئوردوگایە قۆڵبەست کردو پاشان، ناوچەکە شایەتی شەڕ و پێکدادانی قورس لەگەڵ خۆڕاگریی فەلەستین بوو کە بەرەوڕووی ئەو پەلامارەی ڕژیمی زایۆنی بۆوە. گوردانەکانی قودسیش ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، خەباتکارانی لە میحوەرەکانی شەڕ لە ئوردوگای بەلاتە، لەگەڵ هێزەکانی دوژمن پێکیان داداوە. سوپای ڕژیمی زایۆنی هەروەها هێرشی کردەسەر باشوری رۆژاوای نابلۆس و گەنجێکی فەلەستینی قۆڵبەست کرد. هێزە داگیرکەرەکان هەروەها چەندجار هێرشیان کردەسەر رۆژاوای ئەلخەلیل و چەند ماڵیان پشکنی و کەلوپەلی ناوماڵەکانیان لەناوبرد.
خۆڕاگریی ئیسلامیی عێراقیش ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: خەباتگێڕانی خۆڕاگریی ئیسلامیی عێراق لەدرێژەی ڕەوتی خۆڕاگریی لەهەمبەر داگیرکەریدا، بۆ پشتگریی لە گەلی فەلەستین ولوبنان و لە وەڵامدانەوە بە قەڵاچۆی خەڵکی سیڤیل بریتی لە ژن و منداڵ و بەساڵاچووان بە خۆفڕ، هێرشیان کردەسەر ئامانجێکی گرینگی ڕژیمی زایۆنی لە ناوەندی سەرزەوینە داگیرکراوەکانی فەلەستین.
خۆڕاگریی ئیسلامیی عێراق رۆژی هەینیش شەش هەڵمەتی درۆنیی بەدژ ئامانجگەلێک لە باکور، ناوەند و باشوری سەرزەوینە داگیرکراوەکان ئەنجامدا. خۆڕاگریی عێراق لە چەند حەوتەو چەند مانگی ڕابردووشدا، ئامانجگەلی هەستیار و گرینگی لە ئیلات هەڵکەوتوو لە باشوری فەلەستینی داگیرکراو، بەئامانج گرتبوو. لە گرینگترین هێرشی درۆنیی خۆڕاگریی ئیسلامیی عێراق بۆسەر پێگەیەکی سەربازیی سوپای ڕژیمی زایۆنی لە ناوچەی بەرزاییەکانی داگیرکراوی جەولان، بیست و پێنج چەکداری ئەو ڕژیمە کوژران و بریندار بوون. خۆڕاگریی ئیسلامیی عێراق وشداری داوە، بێتوو پەلامارەکانی ڕژیمی زایۆنی بۆسەر کەرتی غەززە، دریژەی بێ، هەڵمەتی دژ بە بنکەو بارەگاکانی ئەو ڕژیمەی ترۆر و داگیرکەریی تاوپێ دەدا.