بڕیاری گرتن دەرکرا بۆ نەتانیاهوو
دادگەی نێودەوڵەتی سزا ڕۆژی پێنجشەممە دژ بە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی و یۆاف گالانتی وەزیری پێشووی شەڕی ئەم ڕژێمە لەبەر ئەنجامدانی جەنایەتی جەنگی لە غەززە بڕیاری گرتنی دەرکرد و ڕایگەیاند کە بەڵگەی جێبڕوا لەبەر دەستدایە بۆ ئەوەی بڕوا بکەین نەتانیاهۆ و گالانت جەنایەتیان ئەنجام داوە.
دادوەرانی دیوانی نێودەوڵەتی سزا بڕیاری گرتنی بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیران و "یواف گالانت"ی وەزیری شەڕی پێشووی ئیسراییلیان دەرکرد. ئیسراییل و ئەمریکا نەڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە دەرکرانی بڕیاری گرتن بۆ سەرانی ڕژێمی ئیسراییل بەڵام یەکێتیی ئەورووپا ئەوەی بە بڕیارێکی ناسیاسی زانی کە جێبەجێکردنی پێویستە.
وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆگریی خۆیان بە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتی دژ بە نەتانیاهۆ دەربڕیوە. وڵاتانی ئەورووپایی، کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە خێرایی تەواو بڕیاری ئەم دادگەیە سەبارەت بە دەرکردنی دوو بڕیاری گرتنی نێودەوڵەتی دژ بە بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی و یواف گالانتی وەزیری شەڕی وەلانراوی بە تۆمەتی ئەنجامدانی جەنایەتی جەنگی و جەنایەتی دژە مرۆڤایەتی لە شەڕی ژینۆسایدی کەرتی غەززەیان پشتڕاست کردەوە.
بڕیاری گرتنی نەتانیاهۆ بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی ئەمریکا بۆتەوە و لەم ئاراستەیەدا سناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکایی بەڵێنی دانانی یاساگەلێکی داوە بۆ سزادانی ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ دادگی نێودەوڵەتیی سزا هاوکاری دەکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی.
لیندسی گراهام سناتۆری کۆماریخوازی تووندڕەوی ئەمریکا بەڵێنی داوە بە دانانی یاساگەلێک سزای هەر وڵاتێک بدات کە هاوکاریی دادگەی نێودەوڵەتی سزا دەکات بۆ هەسانکردنەوەی جێبەجێکرانی ئەم بڕیاری گرتنە. بەڵام وەزیری دەرەوەی نەرویژ دوابەدوای دەرکرانی بڕیاری دیوانی نێودەوڵەتی سزا لەسەر گرتنی سەرۆکوەزیرانی ڕژێمی زایۆنی و وەزیری شەڕی وەلانراوی ئەم ڕژێمە وتی کە بێتوو ئەم کەسانە بێنە نێو خاکی نەرویژەوە، قۆڵبەست دەکرێن.
ئیسپەن بارت ئاید" وەزیری دەرەوەی نەرویژ لە وتوێژێکدا ڕایگەیاند؛ بێتوو نەتەنیاهۆ و گالانت سەردانی وڵاتی ئێمە بکەن ئێمە پێبەندین بەوەی کە ئەوانە دەست بە سەر بکەین. ئەوە بنەما و یاسایەکە کە هەموو وڵاتانی ئەوروپایی دەگرێتەوە و دەبێ جێبەجێ بکرێ.
سەرۆک کۆماری کۆلۆمبیایش هۆکاری شەڕی ژینۆساید لە غەززەی بە هەوڵی ڕژێمی زایۆنی زانی لە پێناو پێشگری بە پێکهاتنی وڵاتی فەلەستین و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ڕێز دەگرێ لەو بڕیارانەی لە لایەن دادگەی نێودەوڵەتی سزا دەرکراوە و بێتوو نەتانیاهۆ یان گالانت سەفەر بکەن بۆ ئەم وڵاتە، قۆڵبەستیان دەکەن.
خەڵکی وڵاتانی تونس و ئوردنیش پاش بە جێهێنانی نوێژی هەینی بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان لە شارە جۆر بە جۆرەکاندا ڕێزیان گرت لە کردەوەی دیوانی نێودەوڵەتی سزا سەبارەت بە دەرکردنی بڕیاری گرتن بۆ ناتانیاهۆ و گالانت. لە وڵاتانی لیبی مەغریب، یەمەن و موریتانیش خۆپیشاندان و کۆبوونەوە بەڕێوەچوو بۆ داکۆکی لە غەززە و لوبنان.
هاوکات ژێدەرە مافەوانیەکانی ڕژێمی زایۆنی بە نیگەرانی دەربڕین بەرامبەر بە دواهاتەکانی دەرکرانی بڕیاری گرتنی نەتانیاهۆ و گالانت جەختیان کرد کە دەبێ چاوەڕێی دەرکرانی بڕیاری گرتنی زۆرێک لە ئەفسەران و هێزە سەربازییەکانی دیکەی سو پایش بین و ئەوەش کاریگەرییەکی نیگەتیڤی زۆر گەورە دادەنێتە سەر پاڵپشتی کردنی هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکانمان لە ئیسراییل.