کانونی یه‌که‌م 17, 2024 10:14 Asia/Tehran

وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین ڕایگەیاند؛ لە دەسپێکی دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە غەززە تا ئێستا ٤٥ هەزار ٢٨ فەلەستینی لەم ناوچەیەدا شەهید بوونە.

وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین ڕایگەیاند؛ ڕژێمی زایۆنی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوو ٧ کوشتاری لە کەرتی غەززە ئەنجام داوە کە بە هۆی ئەو جەنایەتانەوە ٥٢ فەلەستینیی دیکە شەهید بوون و ٢٠٣ کەسی دیکەیش بریندار.

بە هێنانەئەژماری ئەم شەهیدانە، ژماری شەهیدانی غەززە لە دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی باهۆزی ئەقساوە تا ئێستا گەیشتۆتە ٤٥ هەزار ٢٨ کەس و ژماری بریندارانیش بە ١٠٦ هەزار و ٩٦٢ کەس ڕاگەیەندراوە.

بە پێی هەواڵی دیکە مەحموود بەسەل وتەبێژی ڕێکخراوی فریاگوزاری و ڕزگارکردنی غەززە ئەمڕۆ پەردەی هەڵدایەوە لە کەڵکوەرگرتنی داگیرکەران لە چەکی نائاسایی و نەناسراو لە شەڕی غەززەدا و وتی؛ ڕێکخراوە مافەوانییە نێودەوڵەتییەکان دەبێ لێکۆڵینەوە بکەن سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی داگیرکەران لەم چەکە پڕمەترسیانە دژ بە خەڵکی غەززە. ناوبراو وتیشی: ڕژێمی زایۆنی ئاوارە فەلەستینییەکان بە چەشنە چەکێک بۆردومان دەکات کە تەرمی قوربانیان دەسووتێنێ و پارچەپارچەی دەکات.

هاوکات سەرۆکی نەخۆشخانەی "کەماڵ عدوان" لە باکووری غەززە ڕۆژی رابردووی بە ڕۆژی ڕەشی ئەم نەخۆشخانەیە وەسف کرد و وتی کە پەلامارە بێوچانەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئەم ناوەندە دەرمانییە هەر بەردەوامە.

ناوبراو وتیشی: کوادکۆپتەرەکانی ئیسراییل تەنانەت تەقە لە ئامبوڵانسەکانی ئەم نەخۆشخانەیەش دەکەن کە خەریکی گواستنەوەی بریندارانن.  

سەرپەیڤ