ئاب 17, 2015 14:00 Asia/Tehran
  • ئاژاوه‌گێڕیی تایفی ، ئامرازی عه‌ره‌بستان بۆ شکست پێدانی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری یه‌مه‌ن
    ئاژاوه‌گێڕیی تایفی ، ئامرازی عه‌ره‌بستان بۆ شکست پێدانی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری یه‌مه‌ن

وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی یه‌مه‌ن به‌ئیدانه‌کردنی وێران کرانی شوێنه‌ مه‌زهه‌بیه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ئاکامی په‌لاماره‌کانی عه‌ره‌بستان و به‌کرێگیراوانی رژیمی ئالی سه‌عوود ڕایگه‌یاند، عه‌ره‌بستان به‌و ئامرازه‌ی به‌نیازی ناکۆکی نانه‌وه‌و ئاژاوه‌گێڕیی مه‌زهه‌بی له‌ یه‌مه‌نه‌.

عه‌بدولمه‌نسور تابعی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی یه‌مه‌ن ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ به‌ئاماژه‌ به‌وێران کردنی به‌رفراوانی مزگه‌وته‌کان، نووسینگه‌کانی ئه‌وقاف و شوێنه‌ مه‌زهه‌بییه‌کانی یه‌مه‌ن له‌لایه‌ن عه‌ره‌بستان و به‌کرێگیراوانی ته‌کفیریی سه‌ربه‌و وڵاته‌، وتی: عه‌ره‌بستان پاش لاوازبوونی له‌شه‌ڕه‌ مه‌یدانییه‌کان ، سیاسه‌تی وێرانکردنی مزگه‌وت و شوێنه‌ مه‌زهه‌بیه‌کانی یه‌مه‌نی به‌ئامانجی لاوازکردنی یه‌کڕیزیی گه‌لی یه‌مه‌ن و هه‌ڵایساندنی فیتنه‌ی تایفی و مه‌زهه‌بی خستووه‌ته‌نێو به‌رنامه‌ی کاری خۆیه‌وه‌.
ئه‌و به‌رپرسه‌ یه‌مه‌نییه‌، کرده‌ی عه‌ره‌بستان و به‌کرێگیراوانی ته‌کفیریی سه‌ربه‌و وڵاته‌ی له‌وێران کردنی مزگه‌وته‌کان، ناوه‌نده‌ فێرکارییه‌کانی زانسته‌ مه‌زهه‌بیه‌کان و زیاره‌تگه‌و مه‌رقه‌دی که‌سایه‌تییه‌ پله‌به‌رزه‌کانی ئایینیی یه‌مه‌نی به‌هاوشێوه‌ی کرده‌کانی گرووپی ڕه‌شه‌کوژی داعش له‌شاره‌کانی موسڵ، که‌رکوک و ته‌له‌عفه‌ری ئێراق و شاره‌کانی دیکه‌ی ژێرکۆنترۆڵی ئه‌و گرووپه‌ له‌سووریا زانی.
کرده‌ی عه‌ره‌بستان و به‌کرێگیراوانی سه‌ربه‌و وڵاته‌ له‌وێران کردنی به‌رفراوانی شوێنه‌ مه‌زهه‌بییه‌کانی یه‌مه‌ن له‌حاڵێکدایه‌ که‌ نووسینگه‌کانی زانایانی پله‌به‌رزی دینیی یه‌مه‌ن ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا وێڕای شه‌رمه‌زارکردنی ئه‌و په‌لامارانه‌، خوازیاری هه‌وڵدانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕاگرتنی ئه‌و په‌لامارانه‌ ببوون.
ڕێکخراوی فێرکاری، زانستی و فه‌رهه‌نگیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان(یونسکۆ) ش چه‌ندین جار به‌ئیدانه‌و شه‌رمه‌زارکردنی وێرانکرانی شوێنه‌واره‌ مه‌زهه‌بی و که‌وناراییه‌کانی یه‌مه‌ن ڕایگه‌یاندووه‌:له‌ په‌لاماره‌کانی عه‌ره‌بستان و گرووپه‌ ڕه‌شه‌کوژه‌کان بۆسه‌ر یه‌مه‌ن، به‌شێکی گرینگی سه‌نه‌دو به‌ڵگه‌کانی هاوپێوه‌ند به‌ژیاری ئیسلامیی ئه‌و وڵاته‌ له‌به‌ین چووه‌.
له‌ڕاستیدا عه‌ره‌بستان که‌پشتگریی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌کان و ڕۆژاوای له‌پشته‌، پاش بێ ئاکام مانه‌وه‌ی په‌لاماره‌کانی بۆسه‌ر ناوچه‌ ئاوه‌دان، ئابووریی و ئاسایشییه‌کانی یه‌مه‌ن، ئێستا به‌پشتگریی له‌ گرووپه‌ ڕه‌شه‌کوژه‌کان و دنه‌دانیان بۆ وێران کردن و له‌ناوبردنی ناوه‌نده‌ فه‌رهه‌نگی، فێرکاری و دینییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌، له‌هه‌وڵی له‌گوشارنانی خه‌ڵک و گرووپه‌ یه‌مه‌نییه‌کان دایه‌.
سه‌رباری ئه‌و هه‌وڵانه‌ بۆ شکست پێدانی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی یه‌مه‌ن و داکۆکی عه‌ره‌بستان و بڕێک وڵاتی عه‌ره‌بیی ناوچه‌کە له‌ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ چالاکه‌کان له‌مه‌ڕ وێرانکردنی به‌ربڵاوی ناوه‌نده‌ فێرکاری، مه‌زهه‌بی و ژێرخانه‌ییەکانی ئه‌و وڵاته‌، شوێنهاته‌کانی ئه‌و پشتگرییانه‌ ئه‌و ڕۆژانه‌ به‌رۆکی هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌تایبه‌ت عه‌ره‌بستانی گرتووه‌.
هه‌وڵه‌ تیرۆریستیه‌کانی چه‌ند مانگی ڕابردووی سه‌ر مزگه‌وته‌کانی عه‌ره‌بستان، کوه‌یت و هه‌ڕه‌شه‌ له‌مزگه‌وته‌کان له‌به‌حره‌ین ته‌نیا نموونه‌یه‌که‌ له‌په‌ره‌سه‌ندنی مه‌ترسیی په‌لاماره‌کانی تیرۆریستان بۆسه‌ر لایه‌نگرانی ئه‌و گرووپانه‌. به‌م حاڵه‌وه‌ ده‌کرێ بگوترێ که‌ هه‌وڵدانی وڵاتانی ئیسلامی به‌ئامانجی به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و کردانه‌ی وا سیمای دینی ئیسلام و موسڵمانان و یه‌کڕیزیی جیهانی ئیسلامی خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، به‌ر له‌هه‌ر ھەنگاوێکی دیکە له‌ڕه‌وتی خه‌باتی دژی تیرۆریزم له‌ناوچه‌کەو بەتایبەتی یه‌مه‌ن بە پێویست دەزانرێ.

سەرپەیڤ