دی میستورا : ئەنجومەنی ئاسایشت لەمەڕ سووریا کۆبوونەوە دەکات
نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند : ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەمڕۆ چوارشەم لەمەڕ هێرشی کیمیایی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا کۆبوونەوەیەک بەڕێوە دەبات .
فەیسەڵ میقداد جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا شەوی چوارشەممە وێڕای داواکردنی لێپێچینەوە لە هۆکارانی هێرشی کیمیایی لە ئەدلەب ڕایگەیاند: سوپای سووریا لە شەڕی دژی تیرۆریستان تەنانەت بۆ جارێکیش ماددەی کیمیایی بەکار نەهێناوە.
میقداد هێرشی کیمیایی تیرۆریستان و لایەنگرانیانی لە ئەدلەب گەڕاندەوە بۆ سەرکەوتن لە حەڵەب و دەستهاتەکانی سوپای سووریا لە گردوپەڕی دیمەشق و حەما.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، ستیفان دی میستورا نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا ڕۆژی سێ شەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەگەڵ فدریکاموگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسێڵ سەبارەت بە بارودۆخی سووریا وتی: هەنگاوەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پاڵپشتی ئەو هەوڵانەیە کە لە بارەی سووریاوە لە ژێنێڤ دەدرێت.
دی میستورا وتیشی: ڕێکخراوەی نەتەوەکان بەبەردەوامی پەیجۆری هەنگاوی تازەیە لە ئاراستەیەکی دروست و ڕێک و پێک دا، تەنانەت ئەو کاتانەش کە ڕووداوگەلێکی دڵچزێنی وەک هێرشی کیمیایی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا دەقەومێن.
نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە : کۆبوونەوە جۆربەجۆرەکان لە شارەکانی ئاستانەو ژێنێڤ و برۆکسێڵ و دواتر هەمیسان لە ئاستانە و ژێنێڤ، هەنگاوگەلێکن بۆ چارەسەریی قەیرانی سووریاو چاوەڕوانیش دەکرێت ڕێگاچارەیەکی سیاسییان لێ بکەوێتەوە.
نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا هەروەها وتیشی: هەچکاتێک بڕیارە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ چارەسەریی قەیرانی سووریا هەوڵێک بدات، ڕووداوێک دەقەومێ بۆ ئەوەی هەوڵەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کاڵ بێتەوە.