پەلاماری شیمیایی بۆسەر سووریا بیانوویەک بۆ ترەمپ
"پیتەر فۆرد"ی باڵوێزی پێشووی بەریتانیا لە سووریا ڕایگەیاند: ئەمریکا بە کردنەبیانووی پەلاماری شیمیایی سەر ناوچەی خان شەیخون، لەهەوڵی هێرشی دووبارەدایە بۆسەر سووریا .
پیتەر فۆرد رۆژی سێ شەممە لە دیمانەی لەگەڵ کەناڵی مەیادینی لوبنان، بەئاماژە بەوەی کە نیگەرانی ئەوەیە بەبیانووی هێرشی شیمیایی جارێکی دیکە لەسوریا دەسوەردان بکرێ، وتی: هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا ، هەوڵێکی تەواو شێتانەیە.
باڵوێزی پێشووی بەریتانیا لە سوریا وتی: ڕووخاندنی نیزامی بەشار ئەسەد بەمانای شکست هێنان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشە، وەها کردەیەک، تەنانەت لە ڕەوتی ڕۆژاواشدا کردەیەکی تەواو بێ ئاکامە.
پیتەر فۆرد لە وەڵامدانەوە بەو پرسیارە کە ئاخۆ وڵاتانی ئوروپایی، ئەمریکا لەمەڕ پرسی سوریا هاوڕێتی دەکەن؟ یش پێی داگرت: بەداخەوە وڵاتانی ڕۆژاوایی خویان بەوە گرتووە کە لەژێر سەرکردایەتی ئەمریکادا بجوڵێنەوە، ئەو خاڵە، بابەتێکی زۆر جێی داخە.
باڵوێزی پێشووی ئینگلیز لە سوریا لەبارەی هەڵوێستەکانی ئەمریکا لەهەمبەر ڕووسیاو وشدارییەکانی بەردەوامی کۆشکی سپی بە کۆشکی کرملینیش ، وتی: ڕووسیا ، وڵاتێکی جێگیر و خاوەن سیاسەتوانانێکی بەتوانایە، بەڵام دەسەڵاتدارەتی ئەمریکای سەردەمی ترەمپ بەتەواوەتی جیاوازە لە سیاسەت و دەسەڵات لە ڕووسیادا.
پرسی کەڵک وەرگرتن لە چەکی شیمیایی لە ناوچەی خان شەیخون لە ئیدلەب، باکوری ڕۆژاوای سوریا، جارێکی دیکە قەیرانی ئەو وڵاتەی هەستیار کردووەو ڕۆژاوا بەتایبەت ئەمریکا هەوڵ دەدات لەسای کایەی وەک خان شەیخون، ئامانجەکانی بباتە پێش.