ڕووسیا تۆمەتی دژبە سوریای بەرپەرچ دایەوە
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا تۆمەتی دژبە دەوڵەتی سووریای لەمەڕ پەلاماری شیمیایی بۆسەر پارێزگەی "ئەدلەب"ی وڵاتەکەی بەرپەرچ دایەوە .
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی سپوتنیک میخائیل ئولیانۆڤ سەرۆکی ئیدارەی ئاسایش و چەک داماڵینی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند : تۆمەتەکان کە خراونەتە پاڵی دەوڵەتی سوریا سەبارەت بە پەلاماری شیمیایی لە پارێزگەی ئەدلەب بێ بنەماوبناغەیە .
میخائیل ئولیانۆڤ بە ئاماژەدان بەمەی کە هێشتا وردەکاری زۆرتر لەسەر ئەم پەلامارە شیمیاییە لە ئەدلەبی سوریا نەدراوە ، وتی : نابێ سەرنجی میدیاگەلێک بدرێت کە بۆخۆیان دیارە کێن و چی دەکەن .
بەرلەمە بوریس جانسون وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە ئەنجومەنی عەوامی ئەم وڵاتە ئیدیعای کرد دەوڵەتی سوریا بە پەلاماری شیمیایی بۆ سەر خان شێخون مافە نێونەتەوەییەکانی بنپێکردووە.
ئیدیعایەک کە بەرلەمەش ئەمریکا باسی لەسەر کردبوو و بەم بیانووە ئەرتەشی ئەم وڵاتە حەوتەمی ئاڤریل بنکەی ئاسمانیی سوپای سوریای لە پارێزگەی حومس مووشەک باران کرد .
ئەمەش لەحاڵێکدایە کە دەوڵەتی سوریا ساڵی 2014 جبەخانەی شیمیایی خۆی ڕادەستی نوێنەرانی ڕێکخراوی نەتەوەکان ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی کردووە.