ڕاوێژکاریی لێژنەکانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە ئاستانە
سەرۆکانی لێژنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیا و تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی یەکەم ڕۆژی چوارەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی سووریا لە شاری ئاستانەی پێتەختی کازاخستان وتووێژیان کرد سەبارەت بە ڕەوتی دانوستان و باروودۆخی سووریا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ لەم دیدارەدا کە شەوی پێنجشەممە لە ئێوارە خوانی "غیرەت عەبدوڕەحمانۆف" وەزیری دەرەوەی کازاخستان بەڕێوە چوو، "حسێن جابریی ئەنساری" و "سەدات ئۆنال" جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا، "ئێلێکساندەر لاورنتیەف" نوێنەری سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە کاروباری سووریا و هەروەها "ستێفان دیمیستۆرا"ی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سووریا بەشدارییان کرد.
لەم ئێوارەخوانی کارییەدا تەوەرە و ئەنجامەکانی یەکەم ڕۆژی چوارەمین خولی دانوستانی سووریی ئاستانە، دوایین ڕووداوەکانی سووریا و پلان و بەرنامەکانی دوەم ڕۆژی دانوستان خرایە بەر باس و لێکدانەوە.
جابریی ئەنساری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشی عەرەبی و ئەفریقایی هەروەها لە پەراوێزی دانوستانەکانی ئاستانەدا لەگەڵ "دیمیستۆرا"، "سەدات ئۆنال"، "لاورێنتییەف" و "بەشار جەعفەری'' باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە جیا دیداری کرد و لەگەڵ هەرکام لەوان باروودۆخی سووریای خستە بەر باس و لێکدانەوە.
لێژنەی ئێرانیی بەشدار لە چوارەمین خولی دانوستانی ئاشتیی سووریا ڕۆژی سێشەممە گەیشتە ئاستانەی پێتەختی کازاخستان. دانوستانی ئاشتیی سووریا ڕۆژی چوارشەممە لە ئاستانە دەست پێ بوو و تا ئەمڕۆ پێنجشەممە هەر بەردەوامە.
تا ئیستا سێ خولی دانوستانی ئاستی بان لە ئاستانە و دوو خولی دانوستانی کارناسانە لە تاران و ئاستانە بەڕێوە چووە.