بەیاننامەی یەکێتیی ڕادیۆ تەلەفزیۆنە ئیسلامیەکان لەمەڕ ئیدانە کردنی داخرانی میدیاکانی فەلەستین لە لایەن ئیسرائیلەوە
یەکێتیی ڕادیۆ تەلەفزیۆنە ئیسلامیەکان لە فەلەستین هێرشی ڕژێمی زایونی بۆ سەر نووسینگەکانی هەندێک لە کەناڵە ئاسمانییەکانی فەلەستین و داخستنی چەند کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی میدیایی لە کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەنی بە توندی ئیدانە کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، یەکێتیی ڕادیۆ تەلەفزیۆنە ئیسلامیەکان لە فەلەستین ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەک دا شاڵاوی ئەمڕۆی هێزەکانی ئاسایشتی ڕژێمی زایونیی بۆ سەر نووسینگەکانی کەناڵە فەلەستینییەکان و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی میدیایی لە کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن و ڕاپێچ کردنی کارگێڕانی ئەو نووسینگانەی ئیدانە کرد.
یەکێتیی ڕادیۆ تەلەفزیۆنە ئیسلامیەکان لە فەلەستین وێڕای ڕاگەیاندنی داخرانی کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی میدیایی (ترانس مدیا) و (پاڵ مدیا) و (ڕامسات) لە ئەلخەلیل، ڕامەڵڵا، نابلۆس و بەیت لەحم و کەناڵە هەواڵییە فەلەستینییەکانی وەک ئەلیەوم، قودس، ئەقساو منار و چەند کەناڵێکی عەرەبی و نێونەتەوەیی ئەم هەنگاوەیان وەک شەڕێکی ئاشکرا دژی میدیاکانی فەلەستین ڕاگەیاندووە.
لە بەیاننامەکەی یەکێتیی ڕادیۆ تەلەفزیۆنە ئیسلامیەکان دا هاتووە: هەندێک لەم کەناڵە سەتەلایتییانەی وەک ئەلیەوم، قودس، ئەقساو منار کە لە لایەن زایونییەکانەوە پەلاماریان کراوەتە سەر ئەندامی یەکێتیی ڕادیۆ تەلەفزیۆنە ئیسلامیەکانن.
لەم بەیاننامەیەدا پێ لە سەر ئەوە داگیراوە کە ڕژێمی زایونی خوازیاری کپ کردنەوەی هەر دەنگێکی نیشتیمانی و ئازادی خوازە کە لە ئاراستەی بڵاو کردنەوەی ڕاستی و لە قاودانی تاوانکارییەکانی ئەو ڕژێمە هەوڵ دەدات، پێ داگیراوە کە، ڕژێمی ئیسرائیل بەرلەمەش ئاوا سیاسەتگەلێکی بەکار هێناوە، بەڵام بەردەوامیش لە کپ کردنەوەی میدیاکانی فەلەستین سەرنەکەوتوو بووە.
یەکێتیی ڕادیۆ تەلەفزیۆنە ئیسلامیەکان لە فەلەستین ئەم کارەی ڕژێمی زایونیی بە پێچەوانەی یاساوڕێساو ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان زانیوەو داوای لە تەواوی دامەزراوە نێونەتەوەییەکان کردووە کە بە گوشار خستنە سەر ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیل، دڕندەکارییەکانی ئەم ڕژێمە بەرامبەر بە هەڵسوڕاوانی میدیایی و ناوەندەکانی چاپەمەنی ڕابگرن.