هێرشی موشەکیانەی هێزەکانی یەمەن بۆ سەر مۆڵگەی بەکرێگیراوانی سەعودی لە بەرەی نۆهەم
سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن شوێنی مۆڵ درانی بەکرێگیراوانی سەعودی لە عەیدە شەرقیە لە بەرەی نۆهەم لە ڕۆژهەڵاتی سەنعا دایە بەر موشەکی زەلزالی یەک.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی یەکشەممەی تەلەفزیۆنی مەسیرە ، سەرچاوەیەکی سەربازیی ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ئەم هێرشە موشەکییە ژمارێک لە بەکرێگیراوانی سەعودی کوژران و یان بریندار بوون.
سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن هەروەها هێرشیان کردە سەربنکەی عەیدە و بنکەوبارەگاکانی دیکەی بەکرێگیراوانی سەعودی لە بەرەی نۆهەم و کۆمەڵێکیان لێ کوشتن.
هەواڵێکی تر ئەمەیە کە شەرەف غالیب لوقمان وتەبێژی سوپای یەمەن ڕایگەیاند: هێرشی هاوپەیمانیی دەست درێژکاران بە سەرکردایەتیی عەرەبستانی سەعودی بۆ سەر ناوچە سڤیلە پڕحەشیمەتەکانی یەمەن، هەوڵی دەست درێژکاران بۆ دروست کردنی ترس و تۆقان و بە برسیەتی ڕاگرتنی خەڵک بە داخستنی بوارگەکان، سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەنی ناچار کردووە هەتا ڕێگاگەلی تازە بۆ پێکانی تەواوی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و ئابووریی دەست درێژکاران بگرنە بەر.
وتەبێژی سوپای یەمەن وتیشی : یەکە موشەکی و دەریایی و بەرەڤانیی گوێئاوەکان بە تەواوی چەک و تفاقە بەرپەرچدەرە ستراتژییەکانیانەوە ئامادەی وەڵام دانەوەی لێبڕاوانەی دەست درێژکارانن.
عەرەبستانی سەعودی وێڕای هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەوبە پاڵپشتیی ئەمریکا لە لە مارسی 2015 ەوە هێرشێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کرد هەتا لەم ڕێگایەوە بتوانێ عەبدڕەبە مەنسور هادی سەرۆک کۆماری لەکارکشاوەو هەڵاتوی یەمەن بگەڕێنێتەوە بۆ سەر دەستەڵات کە لە ئەنجامی ئەم دەست درێژکارییە هەزاران شارومەندی بێ دەرەتانی یەمەنی گیانیان سپاردووەو ملوێنان کەسیش هەڵوەداو ئاوارە بوونە.
ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.