کانونی یه‌که‌م 04, 2017 12:00 Asia/Tehran
  • جەختی وەزارەتی نێوخۆی یەمەن لە سەر پاوەجێیی ڕەوشتی ئاسایشتیی سەنعا

وەزارەتی نێوخۆی یەمەن ڕایگەیاند: ڕەوشتی ئێستا لە سەنعای پێتەختی یەمەن و پارێزگاکانی دیکەی ئەم وڵاتە پاوەجێیەو هێزە ئاسایشتییەکان لێبڕاوانە ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی خۆیان بەجێ دێنن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەلعالەم، وەزارەتی نێوخۆی یەمەن ڕۆژی یەکشەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، سەرکەوتن لە بەرامبەر دوایین و پڕمەترسی ترین هۆکارانی دەست درێژکار کە نوێنەری هێزە ئیستیکبارییەکان و داگیرکەران و کەسایەتییە گەندەڵەکانن لە یەمەنی پیرۆز کردو ڕایگەیاند: هێزەکانی ئاسایشت ژمارەیەکی زۆری سەرکردەو دەست و پێوەندەکانی تێکدەران و خائینی ڕاپێچ کردووەو سەدان کەس لە تێکدەرانیش  بە چەکەکانیانەوە خۆیانیان ڕادەستی هێزەکانی ئاسایشت کردووە.

وەزارەتی نێوخۆی یەمەن لەم بەیاننامەیەدا لە تێکدەران و یاساشکێنەکانی دیکە داوای کردووە هەرچی خێراتر خۆیان ڕادەستی هێزەکانی ئاسایشتی یەمەن بکەن و پێشی داگرتووە کە، پاکتاوکردنی ئەو ناوچانەی دیکەش کە خائینان و تێکدەرانی لێیە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشتی یەمەن و لێژنەکانی سەر بەم پێکهاتەیە هەروا بەردەوامە.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی نێوخۆی یەمەن دا هاتووە: گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە ئەوەی بە گەلی یەمەن سەلماندووە کە سەرکردەو تێکدەران و بەکرێگیراوان هەوڵیان داوە هەتا بە هێنانە ئارای بانگەشەی خۆڕاگری لە بەرامبەر دەست درێژکاران، سیمای قیزەونی خۆیان چاک کەنەوەو بە شێوازێکی تر خۆیان بنوێنن، بەڵام بە وریایی و لەسەر هەست بوونی گەلی یەمەن ئەم پیلانە پوچەڵ کرایەوە.

دوابەدوای شکست هێنانی دانوستانەکانی نێوان بزوتنەوەی ئەنساروڵڵاو لایەنی سەربە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح تێکهەڵچوونەکانی نێوان لایەنگرانی هەردووک لا لە سەنعا دەستی پێ کرا کە ئەمەش کوژران و بریندار بوونی دەیان کەسی لێ کەوتووەتەوە.

وا باس دەکرێت کە ئاژاوەی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری پێشووی یەمەن دژی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵاو پەیوەندیی ئاشکرای لەگەڵ عەرەبستان، دەرەنجامی هەنگاوە نهێنییەکانی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان بۆ گەڕاندنەوەی دووبارەی دەستەڵات بۆ عەلی عەبدووڵڵا ساڵحە لە یەمەن دا.

موحەممەد عەبدوسەلام وتەبێژی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن ڕایگەیاندووە: فڕۆکە شەڕکەرەکانی  دەست درێژکاران بە سەرکردایەتیی عەرەبستانی سەعودی بە بوردومان کردنی ناوچە پاکتاوکراوەکان لە سەنعا ، لە ڕاستی دا لە هێزەکانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح پشتیوانی دەکەن.

 

 

 

سەرپەیڤ