ئاگرکەوتنەوە لە باڵوێزخانەی ئێران لە یەمەن
بڕێک لە سەرچاوە هەواڵییەکان سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە باسی ئاگرکەوتنەوە لە باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەنعای پێتەختی یەمەنیان کرد لە ئەنجامی کەوتنی ڕاکێت لەم شوێنە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس بەگێڕانەوە لە سکای نیوزەوە، ئەم ئاگرکەوتنەوەیە دوابەدوای تێکهەڵچوونی ئەم دواییە لە سەنعادا ڕووی داوە.
کەناڵی ئەلعەرەبییەی عەرەبستانیش بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم ئاگرکەوتنەوەیە دوابەدوای کەوتنی ڕاکێتێک لە بینای باڵوێزخانەی ئێران لە یەمەن ڕووی داوە، بەڵام ئەوەی ڕوون نەکردووەتەوە کە ئەو ڕاکێتە لە لایەن کێ و کام گروپەوە هاوێژراوە.
کەناڵی هەواڵدەریی چینیی ( سی جی تی ئێن)یش فیلیمێکی لە باڵوێزخانەی ئێران لە یەمەن دا بڵاو کردووەتەوە کە وا دەردەخات دوکەڵێکی ڕەشی لێ هەستاوە. هێشتا وردیاتێکی زیاتر لە بارەی ئەم هەواڵەوە بڵاو نەبووەتەوە.
دوابەدوای شکست هێنانی دانوستانەکانی نێوان بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا و لایەنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، تێکهەڵچوونەکانی نێوان لایەنگرانی هەردووک لا لە سەنعا دەستی پێ کرا کە ئەمەش کوژران و بریندار بوونی دەیان کەسی لێ کەوتووەتەوە.
وا باس دەکرێت کە ئاژاوەی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری پێشووی یەمەن دژی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵاو پەیوەندیی ئاشکرای لەگەڵ عەرەبستان، دەرەنجامی هەنگاوە نهێنییەکانی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان بۆ گەڕاندنەوەی دووبارەی دەستەڵات بۆ عەلی عەبدووڵڵا ساڵحە لە یەمەن دا.
موحەممەد عەبدوسەلام وتەبێژی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن ڕایگەیاندووە: فڕۆکە شەڕکەرەکانی دەست درێژکاران بە سەرکردایەتیی عەرەبستانی سەعودی بە بوردومان کردنی ناوچە پاکتاوکراوەکان لە سەنعا ، لە ڕاستی دا لە هێزەکانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح پشتیوانی دەکەن.